لەو كاتەی لیژنەی چاودێری كۆمەڵایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رای گەیاند كە زیاتر لە چوار ملیۆن بێكار تەنیا لە بەغدای پایەتەخت هەن و ژمارەیەكیان خاوەن بڕوانامەی باڵان، بڵاوبوونەوەی شوێن و خانووەكانی قومار و كاتبەسەربردن و خواردنەوە و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر چەندان گەڕەكی بەغدا شارەكانیتر خەڵك نیگەران دەكات.
هودا جەلیل سەرۆكی لیژنەی چاودێری كۆمەڵایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لەوبارەوە دەڵێت، ئێستە بەغدای پایەتەخت لە پێشەوەی ژمارەی بێكارانە بەهۆی ژمارەی زۆری دانیشتوانەكەی بە بەراورد بە پارێزگاكانی تر، لە ئاماری دواییش دەردەكەوێت كە زیاتر لە چوار ملیۆن بێكار لە خاوەن بڕوانامە و بێ بڕوانامە و بێوەژن و و بەتەمەن هەن كە هیچ داهاتێكی رۆژانەیان نییە.
روونی كردەوە، لە نێوان ئەو ژمارە زۆرەی بێكارە زیاتر لە پێنج هەزاریان خاوەن بڕوانامەی باڵای ماستەر و دكتۆران، جیا لە هەزاران خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس و دبلۆم، هاوكات سەرەڕای بەڵێندانی حكوومەتی عێراق بۆ داخستنی شوێنەكانی قومار و دوكانەكانی فرۆشتنی كحوول لەناو گەڕەك و شوێنەكانی نیشتەجێی هاووڵاتییان، بەڵام ئەو دیاردە بووەتە مایەی نیگەرانی خێزانەكان، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە بەغدای پایەتەختەوە گەیشتووەتە شارەكانیتر.
ئێستە لە بەغدا چەندان خانوو و شوقەی نیشتەجێبوون بوونەتە شوێنی قومار و فرۆشتنی كحول و مادی هۆشبەر و زۆرجاریش ئەو شوێنانە دوای دروستبوون شەڕ و دەمەقاڵی لێیانەوە ئاشكرا دەبن یان لە رێگەی بوونی جمۆڵێكی نائاسایی شەوانە تیایاندا و كۆبوونەوەی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل لەبەردەمیاندا.
بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە لە بەغدا و شارەكانیتر 300 شوێنی قوماركردنی بێ مۆڵەت هەن نایاساییانە كار دەكەن و لەم مانگەدا 11 لەو شوێنانە هاتنە داخستن و زۆرینەیان بریتی بوون لە خانوو و شوقەی بەكرێ كە كاری نایاساییان تیادا ئەنجام دەدرا، روونی كردەوە كە ئەو سكاڵایانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەوبارەوە دەگات زوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام خاوەنی ئەو شوێنانە لە شوێنی تر دەیكەنەوە.
ئەحمەد حاج توێژەری عێراقی روونی دەكاتەوە، دۆسیەی قومار یەكێكە لە مەترسیدارترین دۆسیەكانی عێراق یاسای سزاكانی عێراق سزای سووكی بۆ قومارچییەكان داناوە كەمترە لە ئاستی ئەو تاوانە و لێكەوتەكانی، كە سزاكەی زیاتر نییە لە ساڵێك گرتن و دەستگرتنە بەسەر كەلوپەلەكان و ئەو پارەیەی بەكاریش دێت، بۆیە بۆ رێگرتن لەو تاوانە و سنووردراكردنی پێویستە سزاكەی زیاتر بكرێت كە چەندان خێزانی وێران كردووە و چەندان تاوانی لێ كەوتووەتەوە، بەتایبەتی پاڵپشتیكردنیان لەلایەن مافیا و گرووپە چەكدار و میلیشیاكانەوە.
ئەو توێژەرە دەڵێت، نزیكەی 72 هۆڵی قوماركردن لە عێراق هەن كە چەندان یاری لەخۆ دەگرێت و هەندێكیان ژنی بیانی بەكار دەهێنن و هەندێكیان لەشفرۆشی دەكەن، تەنیا لە بەغدا 10 شوێنی رۆلێت هەیە لەناو هوتێلە گەورەكان و پلە سێ و چوار كە تێچووی بەكرێگرتنی ساڵانەی هۆڵێك دەگاتە 2.5 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی و ئەوانە لەلایەن كەسانی پیشەگەر لە وڵاتانی یۆنان و قوبرس و توركیا و لبنان و رووسیا بەڕێوە دەبرێن و چەكی بەمۆڵەتیان هەیە و بە ئۆتۆمبێلی زریپۆش هاتوچۆ دەكەن و ئەو هۆڵانەش لەلایەن چەند لایەنێكی باڵادەستەوە دەپارێزرێن و داهاتی هەفتانەیان بە ملیۆنان دۆلار دێتە خەمڵاندن.
حاكم زاملی سەرۆكی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەو شوێنانە بەپلەی یەك بۆ سپیكردنەوەی پارە بەكار دەهێنرێن كە لە فرشتنی نەوت و مادەی هۆشبەر و چەك و بازرگانیكردن بە مرۆڤ و ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤەوە دێت بەمەبەستی پەردەپۆشكردنی سەرچاوەكەی و خۆدزینەوەی لە لێپرسینەوەی یاسایی.
مینەن مەهداوی مافناس لەوبارەوە دەڵێت، رووبەڕووبوونەوەی سەرانی گەندەڵی لە عێراق پێویستی بە هەوڵی رژد هەیە و رەنگە پێویست بە بەشداریكردنی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی قومار و سپیكردنەوەی پارە كە كۆنترۆڵكردنی زەحمەتە بەوپێیەی پێوەستە بە پارت و مافیاكانی سەر بە وڵاتانی ناوچەكەوە.
زیاتر گوتی، هەڵمەتی هێزە تەناهییەكان رەنگە بتوانێت تار ادەیەك بڵاوبوونەوەی ئەو شوێنانە سنووردار بكات ئەگەر لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان بكرێت و رێگە نەدرێت بە هەڵاتن و دەربازبوونیان لە سزا.
لە ماوەی ئەم مانگەدا سەید حەمزە شمەری ناسراو بە "حاجی حەمزە"، سەركردەیەكی مافیای شوێنەكانی قومار و لەشفرۆشی و مادەی هۆشبەر و 25 لە لایەنگرانی گیران، بەڵام چەندان شوێنیتری قومار كرانەوە یەكێكیان لە گۆڕەپانی كەهرەمانە لە ناوەڕاستی بەغدا دوای تەنیا چەند رۆژێك لە گرتنی شمەری.
لەوكاتەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق چەند كەسایەتییەكی دەسترۆیشتوو و ئەفسەری بە پاراستنی باندەكانی شوێنی قومار و لەشفرۆشی تۆمەتبار كرد، سابت محەمەد سەعید ئەندامی لیژنەكە لەو بارەوە ئاشكرای كرد كە ئەوان زانیاری و بەڵگەیان بەدەستەوەیە دووپات لە چالاكی ئەو باندانە دەكاتەوە و لەلایەن ئەفسەر و كەسانی دەسترۆیشتوو لەناو دەوڵەت دەپارێزرێن.