ئێران و توركیا چی لە ئاستانە قازانج دەكەن؟

:: PM:05:30:15/01/2017 ‌

بەر لە هەفتەیەك لە وادەی دەست پێ كردنی، وا خەریكە وردەكارییەكانی كۆنگرەی ئاستانەی پایەتەختی كازاخستان لەبارەی سووریا روونتر دەبێت و بە پێی ئەوەی توركیا بە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای راگەیاندووە وتوێژەكان لە بنەڕەتدا سەربازی دەبن بەمەبەستی جێگیركردنی ئاگربەست و دەستە سیاسییەكانی ئۆپۆزسیۆنیش تیایدا بەشدار نابن. 

هەروەها لە پاڵ سەربازانی سووریا لە حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنی چەكدار، سەربازانی رووسیا و توركیا و ئێران لەو وتوێژانە بەشداری دەكەن، لای خۆیەوە بەڕێوەبەری هەواڵگری توركیا بە ئۆپۆزسیۆنی سووریای راگەیاندبوو كە وڵاتەكەی لەگەڵ رووسیا رێككەوتووە بۆ دوورخستنەوەی دەستە سیاسییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە بەرامبەر رەزامەندی رووسیا لەسەر بەشداری نەكردنی كوردانی سووریا لە وتوێژەكاندا. 

سەرەڕای ئەوەی رێككەوتن لەبارەی رێكخستنی وتوێژەكان لە نێوان رووسیای پاڵپشت بۆ حكوومەتی سووریا و توركیای پاڵپشت بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەكرێت، لێرەدا ئێران وەك لایەنێكی قازانجكار بەبەشداریكردنی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی كە بەهەمان قەبارەی لایەنەكانی تری پێوەست و چاودێریكاری كۆنگرەكە بەشداری دەكات.

ژمارەیەك لە شرۆڤەكاران و چاودێران بۆ دۆخی سووریا وای دەبینن كە توركیا لەبەر دوو هۆكار خواستی پتەوكردنی هاریكاری لەگەڵ رووسیا هەیە، یەكەمیان رووبەڕووبوونەوەی كورد و هەوڵی وەدەرنانیان لە هەر یەكلاكردنەوەیەك كە دەستكەوتنیان بەدەست بدات و دووەمیش بینینی رۆڵێكی سەرەكی لە پۆلێنكردنی گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە نێوان تیرۆریستی و میانڕەو. 

ئەوەش بێگومان یارمەتی توركیا دەدات بۆ پێشخستنی چەند گرووپێكی چەكداری نزیك لە ئیخوانەكان كە پاڵپشتی فرەوان لەلایەن هێز و وڵاتانی پاڵپشت بۆ ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە پێ ناچێت رووسیا رێگر بێت لە هاریكاری لەگەڵ هەر گرووپێك كە بەشداری لە جەنگی داعش و نەسرەدا بكات كە بە دوو گرووپی تیرۆریستی دەزانێت.

هەرچی ئێرانە پێشتر نەرمی لە بەرامبەر وتوێژكردن لەگەڵ ئیخوانەكان و گرووپەكانی نزیك لەوەوە نواند و لەگەڵ توركیاش كۆكە لەبارەی بێبەری كردنی كورد لە هەر دەستكەوتێك كە پێ دەچێت رووسیاش بەرهەڵستی ئەوە نەبێت.

تەنگژەی سووریا پێی نایە شەشەم ساڵییەوە و تا ئێستە یەكلا نەبووەتەوە و بەهۆی دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزانی دنیا دۆخەكە خەریكە دەگەڕێتەوە یەكەم خانەی و بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریاش تا ئێستە لە حوكم ماوە، لەو ناوشەدا تا ئێستە سەتان هەزار كەس لە نێوان كوژراو و بریندار و ونبوو بوونەتە قوربانی و چەندان ملیۆنیش لە ناوەخۆی ئەو وڵاتە و لە دەرەوەی ئاوارە بوونە.

سەرچاوە: سكای نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل