ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گەشبینی خۆی لە رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبارەی هەردوو دۆسیەی نەوت و بودجەی هەرێمی كوردستان پێشان دا و دووپاتی كردەوە كە شاندێكی هەرێم بۆ رێككەوتنی كۆتایی دەچێتە بەغدا.
سەفار ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند، شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی دۆسیەی نەوت و پرسی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق.
زیاتر گوتی، گەشبینین بە گەیشتن بە ئەنجامێكی باش ئەو مشتومڕە بەردەوامەی چەند ساڵە هەیە چارەسەر بكات، بەتایبەتی دوای سەردانە ئالوگۆڕەكانی نێوان هەردوولا دەركەوت ئاڵۆزییەكی زۆر نییە و هەردوولا نیازیان هەیە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان.
سەفار روونی كردەوە، چەند ناكۆكییەكی دارایی هەیە پێوەست بە داهاتی دەروازە سنوورییەكانی هەرێم و رادەستكردنی هەرێم بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە بۆ بەغدا، هاوكات حكوومەتی هەرێم چەند پرسێكی هەیە بۆ گفتوگۆلەسەركردن لەوانە خەرجكردنی مووچەی پێشمەرگە و قەرەبووكردنەوەی ناوچە كێشەلەسەرەكان و چەند كێشەیەكی تری دارایی.
پێشتر زانیارییەكان ئاماژەیان بۆ سەردانی شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێم كرد بۆ بەغدا لە دوای جەژنی قوربان كە وەزیرانی پێشمەرگە و دارایی و پلاندانان و چەند راوێژكارێك لەخۆ دەگرێت و ئەوان گفتوگۆ لەسەر پێنج دۆسییە دەكەن وەك تەواوكردنی گفتوگۆكانیان لە هەولێر.
بەپێی زانیارییەكان دۆسیەكان بریتین لە رادەستكردنی هەرێم بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و زیادكردنی پشكی هەرێم لەو پارەی بۆ مووچە تەرخانكراوە و پشكی بودجەی هەرێم لە بودجەی 2020ی عێراق و چارەنووسی كەركووك و دووبارە دامەزراندنەوەی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.