لە پێشانگای نێودەوڵەتی ئەستەنبوڵ کە ساڵانە ڕێکدەخرێت و لە وڵاتانەوە هونەرمەندان بەشداری تێدا دەکەن، پێنج هونەرمەندی کورد بە هونەری شێوەکاری و پەیکەرسازیی و ئیشی دەستی بەشداریان کردووە.
لە پیشانگاکەدا کاری هەموو ئەو هونەرمەندانە نمایشکرا کە بەشداریان لە پێشانگاکەدا کردبوو، هەروەها کاری هونەرمەندە کوردەکانیش کە بەشێوازێکی جوان و هونەریانە نەخشێنرابوو سەرنجی بینەران و هاووڵاتییانی تورکی و وڵاتانی تری بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
ئاریان لەتیف کە شێوەکارە و لە ڕێگەی بانگێشتنامەی تایبەتەوە داوای لێکرابوو کە بەشداری لە پێشانگاکەدا بکات بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەم پێشانگایەدا پێنج کورد بەشدارە، کە سێیان بە هونەری شێوەکاری و دانەیەکیش بە پەیکەرتاشی و کەسێکیتریش بە کاری دەستی بەشداریمان کردووە لە سەر ناوی کوردستان، کارەکانی ئێمەش ببوە جێی سەرنجی ئەو هاووڵاتییانەی کە سەردانی پێشانگاکە و کارەکانی ئێمەیان دەکرد.
ئاریان بە دوو کاری سرووشت بەشدارە و دەڵێ، کارەکانم تایبەتن بە سرووشت و بە بۆیەی ئاوی و زەیتی لەسەر کانڤاس کردووەمە و باس لە سرووشتی جوانی کوردستان دەکات و ویستومە کە سرووشتی کوردستان بە بەشداربووان و ئامادەبووانی وڵاتان و پێشانگاکە نیشان بدەم.
لە پێشانگاکەدا هونەرمەندانی شێوەکار و پەیکەرسازان و پەیکەرتاشان و کەسانی دەستڕەنگین لە 18 وڵاتەوە بەشداریان لەو پیشانگا نێودەوڵەتیەدا کردووە، سەدان کاری هونەری جیاوازیان نمایش کردبوو، هەروەها پێشانگا نێودەوڵەتیەکە لەلایەن سێ ڕێکخراوی تورکیەوە ڕێکخرابوو.
سلێمانی/ ئاریان محەمەد