"وشە" ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:05:57:15/01/2017 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی تایبەت بە رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك دراوە.

7ی ئەم مانگە دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دامەزراوەكانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كۆبووەوە، ئەمڕۆ یەكشەم جارێكی تر دامەزراوەكانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەگەڵ سەرۆكایەتی حكوومەت كۆبوونەوە و چەند بریارێك لە كۆبوونەوەكەدا دراوە.

دوابەدوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دكتۆر فرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا چەند بریارێك دران بۆ ئەوەی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەست بەكارەكانی بكات.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا كە تەواوی دامەزراوەكانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئامادە بوون، بڕیار درا كە چەند لیژنەیەك پێك بێت بۆ ئەوەی تەواوی دۆسییەكانی گەندەڵی بكات بەیەك راپۆرت كە لە ماوەی رابردوو لێكۆڵینەوەی تێدا كراوە و پێشكەشی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكرێت.

ئەو لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، یەكێكی تر لە بڕیارەكان ئەوە بوو كە لیژنەیەكی تایبەتمەند كار لەسەر سێكتەرەكان بكات، بەجۆرێك كە ئەولەویەتی لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی گەندەڵی بدرێت بەكام سێكتەر لە هەرێمی كوردستان.

سۆفی ئاماژەی دا، هەفتەی داهاتوو جارێكی تر بۆ رێكخستنەوەی ئەو كارانە كۆ دەبنەوە و راپۆرتێك لەو بارەوە ئامادە دەكەن.

پێشتر بەبڕیاری مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند كەیسێك رەوانەی دامەزراوەكانی تایبەت بەرووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كرابوو بۆ ئەوەی كاری لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم