بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە ڤایرۆسێك لەناو چەند كێڵگەیەكی پەلەوەر لە كوردستان، وەزارەتی كشتوكاڵ هۆشداری دەدات كە ئەو مریشك و پەلەوەرانە نەخرێتە بازاڕەوە, بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەریش لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت ڤایرۆسەكە سنوور بەزێنەو لە 43 وڵات بڵاو بووەتەوە و دەبێ ڕێگری لێ بكەین.
حوسێن حەمەكەریم بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڤایرۆسی (hfn1)كە بە ڤایرۆسی سنوور بەزێن ناسراوە و لە وەزری سەرمادا بڵاو دەبێتەوە، ئەو ڤایرۆسە پەلی كێشاوەتە ناو چەند كێڵگەیەكی مریشك و پەلەوەر لە هەرێمی كوردستان، بەڵام زوو فریاكەوتین و رێگریمان كرد لەوەی كە مریشەكەكان بخرێتە بازاڕەوە.
ئەو بەرپرسە داوا لە كێڵگەكانی پەلەوەڕ دەكات كە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خستە بازاڕی مریشك بكەن لەم وەرزەدا, ئەم ڤایرۆسە زیاتر تووشی مریشك و پەلەوەری بەخێو كراو دەبێت و دووپاتی كردەوە كە لیژنەكانمان بەدواداچوون بەسەر كێڵگەكان دەكەن بەهاوكاری لەگەڵ قایمقامیەتی شارەكان.
حەمەكەریم ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ئەو ڤایرۆسە سنوور بەزێنە و ئێستە 43 وڵاتی گەورەی جیهانی گرتووەتەوە, بەنموونەی ئێران كە لە 10 شاردا بڵاو بووەتەوە و وەك وەزارەتی كشتواڵیش لە سنوورەكاندا هێلكە و مریشكی ئێرانیمان قەدەغە كردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری دووپاتی كردەوە كە لەبەر پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، وەزارەت بە ڕژدی بەدواداچوونی هەیە بەسەر كێڵگەكانی پەلەوەردا و هەر كێڵگەیەك ئەو ڤایرۆسەی تێدا ببینرێت، ناهێڵین مریشەكەكانی بخرێتە بازاڕەوە و ئەو ڤایرۆسەش هەندێ جار لە وەرزێك زیاتر درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات.
ئەمڕۆ یەكشەم بەهۆی سكاڵای هاووڵاتییان لەسەر دووكانی فرۆشتنی مریشكی زیندوو، لەناو چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر، مریشكی زیندوو فرۆشتنی قەدەغە كرا، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێریش بە "وشە"ی ڕاگەیاند كە فرۆشتنی مریشكی زیندوومان بەتەواوی قەدەغە نەكردووە، بەڵكو بەهۆی نەشیاوییەوە لە چەند گەڕەكێك قەدەغەمان كردووە ئەمەش بەهۆی سكاڵای هاووڵاتییانەوەیە.
لە وەرزی زستانان بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆزای پەلەوەر، دوو ساڵ لەمەوبەر مریشكی زیندوو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان قەدەغە كرا.
هەولێر – هێمن ڕەفیق