پڕۆژەیاسای رێكخستنی پێشمەرگە دەدرێتە پەرلەمان

:: AM:11:28:21/08/2019 ‌

لیژنەی پیشمەرگە و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسای ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە و هاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئامادە دەكات، لە دوای پشووی پەرلەمان دەست بە ئامادەكاریەكان دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم  21ی ئاب، شاخەوان ڕەئووف بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لیژنەی ناوخۆ و پێشمەرگە كۆمەڵێك بەرنامە و پلانیان داناوە و كۆمەڵێك پڕۆژەیان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لە دوای پشووی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەو پڕۆژانە گفتوگۆ بكەن و ئاراستەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی بكەن.

ئەوەشی گوت، پڕۆژەكان دوو جۆرن، یەكێكیان پێوەستە بە مووچەی پێشمەرگە و هاوتاكردنی بە مووچەی وەزارەتی ناوخۆ و چیتر مووچەی پێشمەرگە لەو بڕەی ئێستە نەمێنێت، هاوتا بكرێت بە مووچەی ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ چونكە مووچەی پێشمەرگە بڕێكی كەمە بەراورد بە ناوخۆ.

بەگوتەی ئەو بڕیاردەرەی لیژنەی پێشمەرگە، پڕۆژەكەی تر بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و كۆمەڵێك بەرنامەی تر كە پێوەیستە بە ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگە و سەرجەمی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و ئەو هێزانەدا دەبێت. ئەو پڕۆژانە بە هاوئاهەنگی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەت و وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێن و هیوادارین لە دوای پشووەكە كاری رژدی لەسەر بكەین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان