بە ڤیدیۆ.. کێشانی وێنەی شێوەكاری بەشێوەی راستەوخۆ

:: PM:01:13:21/08/2019 ‌

گەنجێكی شاری دهۆك ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لەناو پارك و شوێنە گشتییەكانی سەنتەری شاری دهۆك وێنەی شێوەكاری راستەوخۆ بە پێنووسی ڕەساس بو هاووڵاتییان دەكێشێ.

ئەمیر مزووری هونەرمەندی شێوەكار بە "وشە"ی راگەیاند، دروستكردنی وێنەی شێوەكاری بەشێوەی راستەوخۆ یەكێكە لە هونەرە ئەستەمەكانی دنیا و لەم چەند ساڵەی كۆتایی لە هەرێمی كوردستانیش دەكرێت.

ئەو گوتی، "من ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە شوێنە گشتی و پاركەكانی سەنتەری شاری دهۆك وێنەی راستەوخۆ بە پێنووسی ڕەساس بۆ هاووڵاتییان دەكێشم، بەو رێیەوە داهاتێك پەیدا دەكەم"

"دروستكردنی هەر یەكێك لە وێنەكانی شێوەكاری بە شێوەی راستەوخۆ پێویستی بە نیو سەعات كات هەیە، بۆ هەر یەكێك لەو وێنانە پێنج بۆ 15 هەزار دینار وەردەگرم، خەڵكی دهۆك زۆر حەزیان لە وێنەی راستەخۆ هەیە." مزووری وای گوت.

بەپێی قسەی ئەو شێوەكارە، دروستكردنی وێنەی راستەوخۆی شێوەكاری بە دوو شێوازە، لەبەر مۆبایل و وەستان لە بەرانبەری هونەرمەندی شێوەكار، كاتێك كەسێك بەرانبەر شێوەكار دەوەستێ بۆ ئەوەی وێنەی بۆ بكێشێ، پێویستە جووڵەی زۆر كەم بكات ئەگەر نا كاریگەری لەسەر وێنەكە دەكات و ناشیرین دەبێت، ئەو جگە لەو هونەرە هاوكات كاری دیزاین و سری دی دەكات.

ئەمیر مزووری خەڵكی شاری دهۆكە و خێزاندارە و چەند منداڵی هەیە، وەك فەرمانبەر لە یەكێك لە فەرمانگەكانی شاری دهۆك دەوام دەكات و ئەو لە رێی ئارەزووەوە فێری ئەو هونەرە بووە.


وشە/دهۆك، نەوزاد هلۆری

















وشە - سلێمان تاشان