لە كەركووك ئۆتیزم لە زیادبووندایە و حكوومەت لێی بێ باكە

:: PM:07:23:15/01/2017 ‌

بەپێی گوتەكانی بەڕێوەبەری سەنتەرێكی تایبەت بە منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی ئۆتیزم، ژمارەی تووشبووان لە كەركووك ڕوو لە هەڵكشانە و حكوومەتیش زۆر بێباكە لێیان و بەپێی پێویست بە هانایانەوە نەهاتووە.

خاتوو فرمێسك جەلیل بەڕێوەبەری سەنتەری "رێدین" بۆ منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی ئۆتیزم ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ژمارەی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لە كەركووك ڕوو لە هەڵكشانە و هەر چەندە ئامارێكی فەرمیمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام ژمارەكە نزیكەی 500 منداڵ دەبێت و زۆربەیان لە ڕەگەزی نێرینەن، چونكە ئەگەری تووشبوونی نێرینەكان 3 -4 هێندەی ئەگەری تووشبوونە لە مێیینەكاندا.

زیاتر گوتی، نیشانەكانی توشبوون بە ئۆتیزم لە ساڵی یەكەم و هێندێك جاریش هەر لە قۆناغی شیرەخۆری دەردەكەون و ئەو منداڵانە بارگرانییەكی زۆر دەخەنە سەر خێزانەكانیان، كەچی حكوومەت زۆر بێباكە لێیان و هیچ سەنتەرێكی شیاوی بۆ تووشبووان نەكردووەتەوە لە شارەكەدا، كە دەبووایە ژمارەی سەنتەرەكانی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم هێندەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی شارەكە بووایە و مامۆستا و ڕاهێنەر و  دەروونناس و پزیشكی تایبەتیان بۆ هەر نەتەوەیەك بكردایەتەوە و منداڵەكانیان بە زمانی دایك ڕابهێنایە.

بەڕێوەبەری ئەم سەنتەرە كە خۆی دایكی یەكێكە لەو منداڵانەی تووشی ئۆتیزم بووە، بە پەرۆشەوە دەیگوت، حكوومەت هەرچییەك بكات بۆ ئەو منداڵانە هێشتە كەمە، بێجگە لەوەی كە دایك و باوكی منداڵی ئۆتیزمیش پێویستیان بە ڕاهێنان و مەشقكردن و هاوكاریی پزیشكانی پسپۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەو كۆرسانەی لە سەنتەرەكان فێر دەكرێن، لە ماڵەوەش دایك و باوك درێژە بە كارەكانی سەنتەرەكان بدەن و بە هەردوو لایانەوە بكارێن و منداڵەكە بگەیەننە قۆناغی شیاندن و چوونە قوتابخانەی ئاسایی.

ئۆتیزم كە بە نەخۆشیی سەردەم ناودەبرێت، نەخۆشییەكی دەروونی و تا ڕادەیەكیش جەستەیییە، تووشبووانی توانای قسەكردن و هەستی بیستنییان لاواز دەبێت و تەركیزیان نامێنێ‌، هەروەها هەست بە سۆزی دەورووبەریان ناكەن و هەمیشە ئارەزووی تەنیایی دەكەن.

پسپۆڕان ئەوەشیان دووپات كردووەتەوە كە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم نەخۆشییە پیسبوونی ژینگە و هەڵكشانی ڕێژەی قورقوشمە لە هەوادا، هۆكاری بۆماوەییش ڕۆڵی خۆی دەبینێ و ئەو منداڵانەی لەپاش برا یان خوشكێكی تووشبوو بە ئۆتیزم لەدایك دەبن، ئەگەری تووشبوونیان زۆرە و تەمەنی باوكیش ئەگەر 40 ساڵی تێپەڕاندبێ ئینجا هاوسەرگیری بكات ڕێژەكە بەرز دەكاتەوە.

كەركووك – نەبەز ڕۆستەم 
   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل