لە گەرمیان ماتۆڕسكیلی بێ سەرەتا كۆ دەكرێنەوە

:: PM:02:03:21/08/2019 ‌

پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان لە شارەدێی رزگاری، دەستی بەسەر نزیكەی 50 ماتۆڕسكیلدا گرت كە بێ سەرەتان و مایەی بێزاركردنی خەڵكن.

نەقیب كارزان مەجید بەرپرسی راگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان، ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، بنكەی هاتوچۆی شارەدێی ڕزگاری لە درێژەی كار و چالاكییەكانیاندا و بە هاوكاری تیمەكانی پۆلیس لە  ڕزگاری، بە مەبەستی دابینكردنی هاتوچۆیەكی سەلامەت و پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتییان و دانیشتووانی ناوچەكە، هەستان بە هەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلی بێ سەرەتا و لێخوڕینی بێ مۆڵەت.

بەو هۆیەشەوە شەوی ڕابردوو دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەكی زۆر ماتۆڕسكیلدا كە بێ سەرەتا بوون و ژمارەیەكیان شوفێرەكانیان بێ مۆڵەت بوون و هەروەها بووبوونە هۆی بێزاركردن و ئازاردانی هاووڵاتییان و شۆفێرانی تر.

بەهۆی دەنگی بەرز و خێرا لێخوڕینەوە، بەشێك لە شوفێرانی ماتۆڕسكیل بەردەوام هاووڵاتییان بێزار دەكەن، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ژمارەی ماتۆڕە گیراوەكان گەیشتووەتە 50 ماتۆڕسكیل و زۆربەی شۆفێرەكانی منداڵ و مێرمنداڵن.

هەژار  حەمید وەك یەكێك لە شوفێرانی ماتۆڕسكیل بۆ "وشە" ئاماژەی دا، زۆر جار ئەو شوفێری ماتۆڕسكیلانەی كە بژێوی ژیانیان لەسەر ماتۆڕسكیلە و بۆ كاركردن بەكاری دەهێنن، لەم هەڵمەتانەدا زیانیان بەردەكەوێت و بە پێویستی دەزانێت پۆلیس رەچاوی ئەم حاڵەتانە بكات.

هیوا حەسەن وەك شۆفێرێك كە ماتۆڕەكەی دەستی بەسەردا گیراوە هێشتا تەمەنی نەگەیشتووەتە 18 ساڵ و گوتی، دەرفەتی دەرهێنانی مۆڵەتی نەبووە و ترساوە لەوەی بەهۆی تەمەنیەوە مۆڵەتی پێ نەدرێت.
 
نزیكی گەرمیان لە ئێران و ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق رێخۆشكەرە بۆ هاتنی ماتۆڕسكلیلی بێ سەرەتا.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی 



وشە - سلێمان تاشان