بڵاوبوونەوەی ژەهراویبوونی داری سەبەحبەح كە لە شەقام و ماڵەكان بە چڕی هەیە، هاووڵاتییانی تووشی دڵەڕاوكێ كردووە و بەڕێوەبەری باخداری كشتوكاڵی سلێمانیش پشتڕاستی ئەو بابەتە دەكاتەوە و دەڵێت، ئەو دارە ژەهراوییە و بەكارهێنانی مەترسیدارە بۆ تەندروستی مرۆڤ.
ئەمڕۆ چوار شەم 21ی ئاب، عەبدوڵا حەمە عەزیز بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، داری سەبەحبەح دارێكی ژەهراوییە و بەرەكەی كە لە شێوەی ترێیە، لە ئەگەری دەستلێدان و بەكارهێنانی، ئەگەری ژەهراویبوون هەیە و هێندە ژەهراوییە كە ڕاوچییانی ماسی دەیكەنە ناو هەویر و ماسی پێ ڕاو دەكەن و لای ئەوان بە ژەهری ماسی ناسراوە.
ئەو گوتی، "ئەو سەبەحبەحەی كە ئێستە هەیە و بڵاوەی كردووە، شێوە پۆڕەكەی هی خۆمان نییە و موتوربە كراوە، بەریشی نییە، بەڵام سەبەحبەحەكەی خۆمان بەری هەیە، ئەو دارە بەرگەی ناوچەی ئێمە ناگرێت و یەكێكە لەو دارانەی هیچ خۆڕاگری نییە و بە كەمترین ڕەشەبا دەشكێتەوە و زیانی هەیە."
وەك زیاتر خستیەڕوو ئەو دارە بەهۆی ئەوەی ژەهری هەیە هیچ جۆرە باڵدارێكی بەسەرەوە نانیشێتەوە، لە حاڵەتێكدا مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكات كە ئەگەر دەستی لێ بدرێت و ئەو بەرەی كە هەیەتی بەكار بهێنرێت.
داری سەبەحبەح یەكێكە لەو دارانەی كە لە ناوچەكە زۆر بە چڕی بڵاو بووەتەوە و بەشێكی زۆری بلوار و شەقامەكان ئەو دارەیان تێدا روێنراوە و بە شێوەی بەربڵاویش لە كۆڵان و ماڵەكان هەیە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی