كۆمپانیایەکی ناوخۆ بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی 100 مەتری سلێمانی ئامادەیی دەردەبڕێت

:: PM:03:38:21/08/2019 ‌

پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی لە سێ كۆمپانیا توركییەكە وەرگیرایەوە و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ڕای دەگەیەنێت، ئەو سێ كۆمپانیا توركییە قەرەبوو دەكرێنەوە لە بەرانبەر ئەو خەرجییەی كە لە ڕابردوو كردبوویان و پێشبینیش دەكات پڕۆژەكە بە قەیوان بدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم  21ی ئاب، ڕەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕا گەیاند، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری  سلێمانی لە سێ كۆمانیا توركییەكە وەرگیراوەتەوە، چونكە حكوومەت ڕای گەیاندووە ئێستە ئەو پارەیەی لە بەردەست نییە بیداتە سێ كۆمپانیاكە بۆ دروستكردنی ئەو شەقامە كە بودجەكەی 469 ملیار دینارە.

ئەوەشی گوت، كۆمپانیای قەیوان هاتووەتە ناو باسەكەوە و ئامادەیی نیشان داوە ئەو شەقامە دروست بكات لەسەر خەرجی خۆی، هەرچەندە هاتنی ئەو كۆمپانیایە گومانی زۆر هەڵدەگرێت چونكە خۆی ئەو كارە دەكات و خەرجییەكەی دەكات بە قەرز، بەڵام باسی لەوە كردووە 32 كیلۆمەتر لە پڕۆژەكە لە قۆناغی یەكەم كە لە تاسڵووجەوە بۆ عەربەتە تەواو دەكات.

پێویستە بگوترێت  قۆناغی یەكەم سێ ساڵی بۆ دیاری كراوە كە 32 كیلۆمەترە و بە تەواوی كوالێتییەكان دروست دەكرێت، هەروەها ئەو سێ كۆمپانیا توركییە كە لە ڕابردوودا خەرجییان كردبوو لەو پڕۆژەیە، لە لایەن كۆمپانیای قەیوان قەرەبوو دەكرێنەوە، كە بڕی 2 ملیار دینار خەرجییان هەبووە.

 بەگوتەی رەمەزان نامیق، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بە دەوری شاری سلێمانی دەسووڕێتەوە و ماوەی حەوت ساڵە بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام ئێستە بەهۆی نیشاندانی ڕەزامەندی لەلایەن كۆمپانیای قەیوان ماوەتەوە سەر ئەوەی وەزارەتی شارەوانی فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ بكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان