چەند ماسكێكی سروشتی بۆ پێست

:: PM:04:39:21/08/2019 ‌
وشكبوونی پێست و توێكڵدانەوە هۆكارێكە بۆ چەندان ناڕێكی لە پێستدا وە زۆر رێگا هەیە بۆ رزگاربوونی پێست لە خانە و پێستی مردوو وە پاككردنەوەی كونیلەكانی پێست. زۆر پێكهاتە یان كرێم هەیە كە وەك پاككەرەوەیەك بۆ پێست بەكار دەهێنرێت و پێست لە خانە مردووەكان رزگار دەكات، بەم شێوەیە پێست توانای نوێبوونەوەی زیاد دەبێت و كەمتر تووشی زیان دەبێت یان دەتوانرێت بە پێكهاتەی سروشتی پێست لە خانەی مردوو رزگار بكرێت، ئەمانەش هەندێكن لەو پێكهاتە سروشتییانەی كە پێستی مردوو لادەبەن.

یەكەم: ماسكی میوە، میوە بڕێكی باش ترشی تێدایە وەك گلیكۆلیك كەلە ترێ‌ و ئەنەناس و ئاوی لیمۆدا هەیە یارمەتی بچووككردنەوەی كونیلەكان دەدات و پێست باشتر دەكات تەنانەت پێست و خانەی مردوو لا دەبات. چارەكی كوپێك ئەنەناس و چارەكی كوپێك ترێ‌ و كەوچكێكی چا ئاوی لیمۆی گوشراو تێكەڵ بكە بەباشی تێكەڵی بكە تا كەمێك نەم دەبێتەوە، دواتر لیمۆكەی بۆ زیاد بكە پاشان بە شێوەیەكی یەكسان پێستی دەموچاوتی پێ تەڕ بكە و بۆ ماوەی 20 خولەك بەجێی بهێڵە و دواتر بە ئاوی گەرم بیشۆ. بەم شێوەیە پێست پاك دەكاتەوە و خانەی مردوو لادەبات.

دووەم: هەنگوین و ماست، یەكێكە لەو ماسكانەی كە پاشماوە لەسەر پێست لادەبات هەنگوینە كە پێكهاتەی گرنگی تێدایە كە پێست لە چەندان زیان دەپارێزێت و ماست بەكتریای سوودبەخشی تێدایە كە رەنگی پێست باشتر دەكات. دوو كەوچك ماست لەگەڵ یەك كەوچك هەنگوین تێكەڵ بكە پاشان بەیەكسانی بۆ پێستت بەكاری بهێنە چەند خولەكێك بەجێی بهێڵە و دواتر بە ئاوی گەرم بیشۆ.

سێیەم: ئاردی برنج و چای سەوز، چایی سەوز برێكی باش دژەئۆكسیدی تێدایە كە زۆر بەسوودە بۆ چاككردنەوەی پێست و یارمەتی نووێبوونەوەی خانەكانی پێست دەدات. ئاردی برنج درەوشانەوە بە پێست دەدات و یارمەتی سپیبوونەوەی پێست دەدات. نیو كوپ چای سەوز لەگەڵ كەوچكێك ئاردی برنج تێكەڵ بكە، بەڵام پێویستە چاكە كەمێك سارد بێت پاشان ئاردەكەی بۆ زیاد بكە بە باشی تێكەڵی بكە دواتر بۆ پێستت بەكاری بهێنە بە شێوەی بازنەی پێستی دەموچاوتی پێ بشێلە بۆ ماوەی 15 خولەك بەجێی بهێڵە و دواتر بەئاوی شیلەتێن بیشۆ.

چوارەم: ماست و شەكر، كاری شەكر زۆر گرنگە بۆ پێست وەك پاككەرەوەیەكی سروشتی پێستی مردوو لادەبات و هەروەها سەرچاوەیەكی باشی ترشی گلیكۆلیكە كە پێكهاتەی خانە بەرەوپێشەوە دەبات و كونیلەكان پاك دەكاتەوە ماست ترشی شیری تێدایە كە پێست لە زۆر پاشماوەی زیان بەخش رزگار دەكات. دەتوانرێت كەوچكێك ماست لەگەڵ كەوچكێكی چا شەكر تێكەڵ بكەیت و پاشان بەیەكسانی بۆ پێستت بەكاری بهێنیت بۆ ماوەی 15 خولەك بەجێی بهێڵە دواتر دەستت تەڕ بكە و پێستی دەمووچاوت بسڕەوە و پاشان بیشۆ، بەم شێوەیە خانە مردووەكان لە ناو دەچن و پێست نوێ‌ دەبێتەوە.

ئەم پێكهاتە سروشتییانە كاریگەری لاوەكی لەسەر پێست دروست ناكەن بۆیە باشتر وایە تەنیا بیر لە چارەسەری سروشتی و پێكهاتەی سروشتی بكرێتەوە بۆ پێست بۆ ئەوەی زیانێكی كەمتر بە پێست بگات و خێراتر چاك ببێتەوە .



وشە - ئاوات ئازاد