لە بری شیر بە پارە قەرەبوو دەكرێنەوە

:: PM:08:34:15/01/2017 ‌

دوو ساڵە وەزارەتی بازرگانی عێراق بەشە شیری مانگانەی منداڵانی دابەش نەكردووە و بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانیش دەڵێت كە پێدانی شیر راگیراوە و بە پارە قەرەبوو دەكرێنەوە.
 
شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەشە شیری مانگانەی منداڵان یەكێكە لەو مادانەی كە مانگانە وەك بەشە خۆراك دەدرێتە هاووڵاتییان و بە پێنجەم مادە دادەنرێت بۆ دابەشكردن.
 
زیاتر گوتی، وەزارەتی بازرگانی عێراق ماووەی دوو ساڵە بەشە شیری مانگانەی منداڵانی دابەش نەكردووە و ساڵی 2014ەش لە بری شیری فەوتاوی منداڵان قەرەبوو دابەش كرا.
 
محەمەد روونی كردەوە، ئێستە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو شیرە ناكڕێت تا دابەشی بكات بەسەر هاووڵاتییان و لە بەرامبەردا قەرەبوو دەداتە ئەو خێزانانەی كە منداڵیان هەیە، بەڵام بۆ ساڵی 2015 هیچ قەرەبوو نەكراوەتەوە و ساڵی 2016 تا ئێستە هیچ رێنمای قەرەبووكردنەوەمان بە دەست نەگەیشتووە.
 
ئاماژەی دا، ساڵی 2014 بڕی ئەو قەرەبووەی كە دابەشكرا بەسەر ئەو خێزانانەی كە منداڵیان هەیە بۆ یەك ساڵ بڕی 14 هەزار و 500 دینار بوو.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل