دوای ئەوەی پێش نیوەڕۆی دوێنێ شەموو چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە دۆڵی خانەقا لە سنووری شارۆكەی رواندز پێشمەرگەیەكی بەشی راگەیاندنی لیوای حەوتی سۆرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیان گرت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئازادیان كرد.
عەلی وسو پێشمەرگەی لیوای 7ی پیادەی سۆران بە " وشە "ی راگەیاند، سعات 11ی پێش نیوەڕۆی دوێنێ شەموو لە بازگەی پردەشال و بناری قەندیل لەلایەن هێزەكانی پەكەكە گیرام، زیاتر گوتی، بەمەبەستی پرسەی هاوڕێیەكم بە نیاز بووم سەردانی شارۆكەی رانییە بكەم، بەڵام لەلایەن پەكەكەوە گیرام.
زیاتر گوتی، لەلایەن پەكەكەوە ئەشكەنجە نەدراوم و ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم ئازاد كراوم و بە بڕیاری سەرووی خۆم ناتوانم روونكردنەوەی زیاتر بدەم.
ئەمڕۆ یەكشەم لیوا بەهرام عەریف یاسین فەرماندەی لیوای 7ی پیادەی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند كە پەكەكەمان ئاگەدار كردووەتەوە كە ئەگەر ئەمڕۆ یەكشەم ئەو پێشمەرگەمان ئازاد نەكات، هەڵوێستی توندمان دەبێت و هەر چەكدارێكی پەكەكە ببینین دەیانگرین.
سۆران/ موڕشید برادۆستی