كۆمپانیایەكی ئیماراتی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان ژمارەی پێوانەیی شكاند

:: AM:10:10:22/08/2019 ‌

كۆمپانیای نێودەوڵەتیی "تاقە" ئاشكرای كرد، لە بەرهەمهێنانی مانگانەی نەوت ژمارەی پێوانەیی لە كێڵگەی نەوتیی ئەترووش لە هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە.

ئەو كۆمپانیا ئیماراتییە دەڵێت لەوەتەی ساڵی 2011ەوە كە ئەو كێڵگە نەوتییەیان لە هەرێمی كوردستان دۆزیوەتەوە، مانگی رابردوو زۆرترین بڕی نەوتیان بەرهەم هێناوە و گەیشتووەتە یەك ملیۆن بەرمیل.

بەو پێیە تێكڕای بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە كێڵگەكە كە لەلایەن ئەو كۆمپانیایە بەرهەم دەهێنرێت، بریتییە لە سەرووی 33 هەزار بەرمیل نەوت.

كۆمپانیاكە بە هاوكاری كۆمپانیای شامارۆنی كەنەدی و كۆمپانیایەكی ماراسۆن ئۆیلی ئەمەریكی دوو ساڵە لەم كێڵگەیە دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت كردووە.

"یۆرۆ نیوز" بڵاوی كردەوە لە چەند ساڵی رابردوودا تەنیا كۆمپانیاكانی رۆژئاوا روویان لە هەرێمی كوردستان نەكردووە، بەڵكو رووسەكان و چینیش لەوبارەوەیە وەبەرهێنانیان كردووە.

كۆی وەبەرهێنانی رووسەكان لە كەرتی نەوت و گازی عێراق و هەرێمی كوردستان دەگاتە 10 ملیار دۆلار و چینیش 20 ملیار دۆلار لە كەرتی وزەی عێراق وەبەرهێنانی كردووە.

پێویستە بگوترێت لە ماوەی رابردوودا زۆربەی كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەی جیاوازدا رەزامەندی خۆیان لە چالاكییەكانیان لە كوردستان راگەیاندووە و وێڕای ئاشكراكردنی بەرزبوونەوەی داهاتیان، باسیان لەوە كردووە كە لە داهاتوودا بەرهەمهێنان زیاتر پەرە پێ دەدەن.



وشە - سلێمان تاشان