كاتی گۆڕینی مۆڵەتی شوفێری لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا

:: AM:10:49:22/08/2019 ‌
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات، تیمەكانی تایبەت بە گۆڕینی مۆڵەتی شوفێری سەرقاڵی ئامادەكاری و كاری تەكنیكین بۆ ئەوەی بەمنزیكانە دەست بكرێت بە پێدانی مۆڵەتی شوفێری نوێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی ئاب، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ كۆمپانیا كراوە پێویستە لە ماوەی شەش مانگ كارەكانی تەواو بكات بۆ ئەوەی مۆڵەتی نوێی شوفێری بە هاووڵاتییان بدرێت.

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گوتی، بەپێی ڕێككەوتنەكە ئێستە سێ‌ مانگ تێپەڕیوە و سەرقاڵی كارە تەكنیكییەكانن و پێویستە ناوەندێكی تایبەت بەو مۆڵەتە دابمەزرێت، بۆیە چاوەڕوان دەكەین لە سێ‌ مانگی داهاتوودا كارەكانیان تەواو بكەین.

باسی لەوەش كرد، مۆڵەتەی شوفێری بەشێوەیەكی نوێ‌ دەبێت و بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی كراوە لەگەڵ كۆمپانیاكە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیە مۆڵەتی شوفێری دوای نوێكردنەوەی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی دەبێت، باركۆكی لەسەرە بۆ ئەوەی هەركاتێك شوفێر چوو بۆ ناو بازگەكانی هاتوچۆ، لە ئەگەری گومان لە مۆڵەتەكەی لە ڕێی باركۆدەكەیەوە دەزانرێت ئایە ساختەیە یان تەواوە.



وشە - رامیار جەواد