ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا ئاشكرای كرد بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ساڵانەی گرووپی حەوت G7 چاوی بە بەرپرسانی ئێران دەكەوێت.
ئامانجی ئەو هەنگاوەی فڕەنسا ئەوەیە ناكۆكی و بارگرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران كەم بكاتەوە و خوازیارە هەر لە فڕەنسا چاوی بە بەرپرسانی ئێرانی بكەوێت.
شەموو و یەكشەمی داهاتوو كۆبوونەوەی G7 بەڕێوە دەچێت و فڕەنسا كە یەكێكە لە لایەنەكانی رێككەوتنی ناوكیی، خوازیارە چارەیەك بۆ ئەم رێككەوتنە بدۆزێتەوە كە هەریەك لە ئێران و ئەمەریكا پێی رازی بن.
بەگوێرەی "
دۆیچەوێلێ" ماكرۆن ئاشكرای نەكردووە لەگەڵ چ كەسێكدا كۆ دەبێتەوە، بەڵام پێشتر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گوتبووی سەردانی پاریس دەكات و لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی فڕەنسا و وەزیری دەرەوەی فڕەنسا كۆ دەبێتەوە.
ساڵێكە ئەمەریكا سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و ئێرانیش لە بەرانبەردا بەشێك لە رێنوێنییەكانی رێككەوتنی ناوكی پشتگوێ خستووە و پیتاندنی ئۆرانیۆمی بەرز كردووەتەوە.
جگە لە ئەمەریكا وڵاتانی تری ئەنجوومەنی هەمیشەیی ئاسایش لە رێككەوتنی ناوكیی نەكشاونەتەوە و خوازیاری درێژەپێدانی رێككەوتنەكەن.