عێراق زیاتر لە هەر وڵاتێكی تری ئۆپێك بەرهەمهێنانی بەرز كردووەتەوە

:: AM:11:58:22/08/2019 ‌

زۆربەی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی نیسانی ساڵی 2018 بەرهەمهێنانی نەوتیان دابەزاندووە، بەڵام عێراق و ئیمارات و جەزائیر بەرهەمهێنانیان بەرز كردووەتەوە.

لە ناو وڵاتانی ئۆپێك هەریەك لە سعوودیە و ڤەنزوێلا  و ئێران زۆرترین دابەزاندنیان لە بەرهەمهێنانی نەوت تۆمار كردووە. ئێران كە لەو مانگەی 2018 دا سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، ملیۆنێك و 610 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانەكەی كەمی كردووە و بۆ دوو ملیۆن و 213 هەزار بەرمیل دابەزیوە كە بەشێكی كەمی هەناردەی بازاڕەكان دەكات و ئەوەی تر لە ناوخۆ ساغ دەكاتەوە.

ڤەنزوێلاش كە تووشی تەنگژەی ئابووری  و سیاسی بووە، ئەوكات ملیۆنێك و 436 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام مانگی رابردوو رۆژانە 742 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و نزیكەی 700 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانەكەی كەمی كردووە.

سعوودیە كە نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیلی بەرهەم دەهێنا، سەرووی 250 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانەكەی كەم كردووە كە بە پێچەوانەی ئێران و ڤەنزوێلا بە پلان كەمی كردووە.

لە ناو ئەو وڵاتانەدا عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی زیاد كردووە و 324 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتی بەرز كردووەتەوە. عێراق لە مانگی نیسانی ساڵی 2018 رۆژانە چوار ملیۆن و 429 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستە چوار ملیۆن و 753 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق كە بەر لە ساڵی 2003 نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بوو و بەرهەمهێنانەكەی بە رێژەی 88%  پەرە پێ داوە. 

ئیماراتیش نزیكەی 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتی بەرز كردووەتەوە و مانگی رابردوو سێ ملیۆن و 71 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە.




وشە - سلێمان تاشان