مۆزەخانەی كەلەپوری لە گەرمیان دەکرێتەوە

:: PM:01:14:22/08/2019 ‌

بەرپرسێكی شوێنەواری گەرمیان ئاشكرای كرد، لە رۆژانی داهاتوو مۆزەخانەی كەلەپوری لە نهۆمی یەكەمی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان دەكرێتەوە، جگە لەو مۆزەخانەیە شوێنەواری گەرمیان خاوەنی مۆزەخانەیەكی تایبەت بە شوێنەوارەكانە.

ئەمڕۆ پێنج شەمە بیستوو دووی ئاب، ساڵح محەمەد ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو كارەكانی نۆژەنكردنەوەی نهۆمی یەكەمی شوێنەواری گەرمیان كە تایبەت بە مۆزەخانەی كەلەپوری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان كۆتایی هاتووە و لە رۆژانی داهاتوودا مۆزەخانەی كەلەپوری دەكەینەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، مۆزەخانەی كەلەپوری جیاوازە لەمۆزەخانەی شوێنەواری، مۆزەخانەکە تایبەتە بە راخەری كۆن و جلی كۆن و ئەو كەرەستانەی خەڵكی لە ژیانی رۆژانەیدا بەكاریان هێناوە، بەڵام مۆزەخانەی شوێنەوار كە باڵەخانەی تایبەت بەخۆی هەیە تایبەتە بە كەرەستەی شوێنەواری وەك ئێسكی مردوو یان خشڵ و بەرد و كەرەستەی شوێنەواری .

ساڵح محەمەد دووپاتی دەکاتەوە، هێشتنەوە و دانانی كەرەستەكانی تایبەت بە كەلەپور هەمیشە بۆتە مایەی سەرنجی گەشتیاران و دۆستانی شوێنەوار، چونكە پاراستنی شمەكی كەلەپوری گرنگە و نەریتی رەسەنی هەزار ساڵەمان بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی













وشە - هیدایه‌ت جان