گەڕەكێكی نوێ لە هەولێر زیاد كرا

:: PM:01:20:22/08/2019 ‌
دوای چەند ساڵ لە دابەشكردنی زەوییەكانی و كوژاندنەوەی زەوییە كشتووكاڵییەكەی، شارەوانی دووی هەولێر دەستی كرد بە جیاكردنەوەی بلۆكەكانی گەڕەكی گەزنەی نوێ. مازن ئەحمەد دەڵێ، لەم چوار ساڵەدا تەواوی خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابین دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئاب، شارەوانی دووی هەولێر بە فەرمی دەستی كرد بە جیاكردنەوەی بلۆكەكانی گەڕەكی گەزنەی نوێ، سەرۆكی شارەوانی دووی هەولێریش دەڵێ، لەم چوار ساڵەدا تەواوی خزمەتگوزارییەكانی قیڕ و ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبای بۆ دابین دەكرێت.

گەڕەکی گەزنەی نوێ، دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر، لەنێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری و دەکەوێتە نێوان گوندی گەزنە و عەنكاوە، لە سێ هەزار و 339 پارچە زەوی پێكهاتووە كە رووبەری زەوییەكانی جیاوازن و لە 250 مەتری تا 750 مەتری دەبێت.

گەزنەی نوێ لە 259 بلۆك پێكدێ، 175یان دابەشی سەر هاووڵاتییان كراون و 84یشی خزمەتگوزارین كە دواتر لەو خزمەتگوزارییە رێژەی سەوزایی و خزمەتگوزارییەكانی تری وەك قوتابخانە و یەكەی تەندروستی و بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی تری لێ دەستنیشان دەكرێت.

مازن ئەحمەد بۆ "وشە" گوتی، "ئەو گەڕەكە پێشتر لە ماستەرپلان حیسابی بۆ کرابوو، مەبەستی ئێمەش لە جیاكردنەوەی بلۆكەكان و دەستنیشانكردنی زەوییەكان بۆ ئەوەیە كە زیادەڕۆیی نەكرێتە سەریان".

یەكێك لە گرفتەكانی بەشێك لە گەڕەكەكانی ناو شاری هەولێر، تەسكی كۆڵانەكانیەتی، سەرۆكی شارەوانی دوو روونی دەكاتەوە، كۆڵانەكانی گەزنەی نوێ 12 و 15 مەترین، كۆڵانە سەرەكییەكانیشی 20 مەترین.

زیاتر گوتی "گەڕەكەكە خراوەتە پلانی چوار ساڵەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەم چوار ساڵەدا تەواوی خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابین دەكرێت".


وشە - فه‌رمان سادق