نرخی نەوت هەڵكشا

:: PM:02:48:22/08/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسەوە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئەم هەڵكشانە لە نرخی نەوتیش تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بەردەوامە.

نرخی نەوت سەرەتای هەفتەكە بە 58 دۆلار و 70 سەنت دەفرۆشرا، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەم نرخەكەی بە 60 دۆلار و 60 سەنت دەفرۆشرێت و نزیكەی دوو دۆلار لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە. پێویستە بگوترێت لە ئێوارەی دوێنێ چوارشەم سەرووی 61 دۆلاری تۆمار كرد، بەڵام دواتر دابەزییەوە هەرچەندە چارتی نرخی رۆژانەی بە رەنگی سەوز داخرا.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی سووكی ئەمەریكاش لە 54 دۆلار و 76 سەنتەوە بەرەو 55 دۆلار و 96 سەنت هەڵكشاوە.

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ گەشبنینی شارەزایان بۆ داهاتووی هەڵسوكەتی هەردوو زلهێزی ئابووری دنیا واتە چین و ئەمەریكا دەگەڕێننەوە و پێیان وایە بۆ رێگرتن لە سستبوونی گەشەی ئابووری دنیا هەنگاوی هەڵە نانێن.

ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە سزاكانی سەر كۆمپانیای هواوی چین بۆ كڕینی پارچەی یەدەگ لە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دوادەخات و ئەمەش هۆكار بووە لەوەی تا ئاستێك جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریكا و چین دابمركێتەوە.

بڕیارە مانگی داهاتوو ئەمەریكا و چین دووبارە بكەونە دانوستان و ئەو لێدوانانەش هەردوولایەن بڵاویان كردووەتەوە ئاماژەی ئەرێنین بۆ هێمنبوونەوەی گرژییەكان.

لەلایەكی ترەوە ئۆپێك پێشبینی كردووە ئاستی داخوازی لەسەر بازاڕی نەوت بەرز ببێتەوە، بۆیە بازاڕی نەوت لە ژێر كاریگەریی ئەم پێشبینییە لە بەرزبوونەوەدایە.



وشە - سلێمان تاشان