نەخۆشخانە تایبەتەكان بەپێی گرانی نرخەكانیان، پێویستە
لەڕووی كوالیتی و خزمەتگوزاری جیاوازبن و زیاتر گرنگی بە خزمەتی نەخۆش بدەن، کۆمەڵێک
لە نەخۆشخانەکان باڵەخانەکانیان کۆن و نا ستانداردە و بەرپرسێکی تەندروستی
سلێمانیش دەڵێ، ئەوان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نین.
ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئاب، هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری
گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند،
لیژنەی پشكنین و بەدواداچوون بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكانی سلێمانی هەیە، بەردەوام سەردانی
نەخۆشخانەكان دەكەن، گرفتەكە ئەوەیە ئەو نەخۆشخانانەی كە كۆن دروست كراون ناتوانین
هیچیان لەگەڵ بكەین.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ماوەی دوو ساڵە هەرچی داوای
مۆڵەتی نەخۆشخانەی ئەهلی كردبێت تەواوی مەرج و ڕێنماییەكانیان بەسەردا سەپێنراوە،
لە باڵەخانە تا كۆتایی و كاركردن، ئەو نەخۆشخانە تایبەتانەی تازە كراونەتەوە، لە ڕووی
كوالیتی جیاوازن لەگەڵ كۆنەكان، ئێمە دەزانین نەخۆشخانەی ئەهلی هەیە كوالیتی و خزمەتگوزاری
باش نییە لە بەرانبەر ئەو پارەی وەریدەگرن.
نەخۆشخانەی ئەهلییەكان دەكرێت بە سیستمێكی سەردەمییانە
كار بكەن و لەڕووی پێشوازی و خزمەتكردنەوە جیاواز بن و سەرجەم مەرجەكانی سەلامەتی
جێبەجێ بكەن بۆ نەخۆش و ئاسانكاری بۆ بكەن، بەڵام نەخۆشخانە هەیە مەسعەدی ئیش
ناكات و گرفتی زۆری بۆ نەخۆش دروست كردووە، بەتایبەت ئەوانەی نەشتەرگەری دەكەن بە
قادرمە هاتوچۆیان پێ دەكرێت.
بەرپرسەکەی تەندروستی سلێمانی دەڵێ، هەر نەخۆشخانەیەكی
تایبەتی كۆن داوای نوێكردنەوەی مۆڵەت بكات پابەندی سەرجەم مەرج و ڕێنماییەكانیان دەكەین،
بەڵام باڵەخانە لە دەسەڵاتی ئێمە نییە، هەر هاووڵاتی و نەخۆشێك كەموكورتی و كەمتەرخەمی
و پیسی و كاری پێچەوانەی بینی، بە دۆكیۆمێنت بیهێنێتە تەندروستی سلێمانی، ئەگەر نەخۆشخانەی
ئەهلی یان حكوومی بێت لێپێچینەوە دەكەین.
"لەڕێگەی لیژنەكانەوە
بەردەوام سزا و پێبژاردنی نەخۆشخانە تایبەتەكان دەكرێت، لە ڕابردوش چەندین جار نەخۆشخانە
و سەنتەر داخراوە و نەخۆشخانەی تایبەتی گەورەش داخراوە بەهۆی سەرپێچی لە كارەكەی
داخراوە.
بەپێی زانیارییەكانی وشە، ماوەی چەند ساڵێك دەبێت
مۆڵەتی كردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت لە دەسەڵاتی تەندروستی سلێمانی نەماوە و ڕاستەوخۆ
لە وەزارەتەوە ئەو مۆڵەتە دەدرێت لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەت، بەپێی ئامارێكیش لە
سلێمانی زیاتر لە 100 نەخۆشخانەی تایبەت هەن.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی