پارەی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە گەیشت

:: PM:04:24:22/08/2019 ‌
وەك ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ "وشە" بڵاوی كردەوە كە پارەكەی بەغدا ئەمڕۆ دەگات، كەمێك لەمەوبەر سەرچاوەیەكی بەرپرس ڕای گەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بڕە پارەكەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان گەیشت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئاب، سەرچاوەیەكی بەرپرس بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەغدا ئەم دوای نیوەڕۆیە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕەوانە كردووە و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێ‌.
 
بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم