وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، سەرقاڵی بەگەڕخستنەوەی دوو كارگەی دۆشاوی تەماتەین لە هەڵەبجە و هەریر و داوایش دەكات نرخی تەماتە بەرز نەكرێتەوە بۆ ئەوەی ڕاگرتنی هاوردەكردن هەڵنەوەشێنرێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئاب، بێگەرد دڵشاد وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، ئەمڕۆ بڕیارماندا هاوردەكردنی تەماتە لە دەرەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغە بێت و بڕیارەكە كاری پێدەكرێت تا ئەوكاتەی بازاری ناوخۆیی هەرێم پێویستی بە هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە دەبێت و بڕیاری نوێ دەردەچێت بۆ ڕێگەپێدان بە هاوردەكردن.
داوایشی كردووە كە جووتیاران تا ئاستی پێویست سوود لە بڕیارەكە وەربگرن و زیادەڕۆیی نەكەن بەرزكردنەوەی نرخی بەرووبوومەكان و "ناچارمان نەكەن لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی بەكاربەران دەستبەرداری بڕیارەكەمان ببین".
" سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بەگەڕخستنەوەی دوو كارگەی دۆشاوی تەماتەین لە هەڵەبجە و هەریر، لە لەلایەكی تریش لەگەڵ چەند لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ دامەزراندنی ژمارەیەك كارگەی لەقتونانی سەوزە و میوە و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراكی" وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو وا دەڵێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی تەماتەی بۆ كوردستان قەدەغە كرد.