زیاد لە 10 ساڵە لەناو شارۆكەی پێنجوێن كوشتارگەیەك هەیە، بەڵام هێشتا
مەرجە تەندروستییەكانی تێدا نییە و مەترسی لەسەر دانیشتوانی سنوورەكە دروست كردووە.
ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، نازم ئەحمەد ناسراو بە نازمی قەساب، كرێگرتەی
كوشتارگەكە بە"وشە"ی راگەیاند: ئەم گوشتارگەیە لە زۆر رووەوە گونجاو نییە،
كاتی خۆی كوشتارگەیەكی جوان و رێكوپێك
بوو، بەڵام ئیتر بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێكە دروست كراوە، چەند كەسێك ساڵانە كە دەدرێتەوە
بە كرێ پێیان، هیچ لە یاساكانی كوشتارگە نازانن، بۆیە كەموكوڕی زۆری هەیە و دەرگا
و پەنجەرەكانی شكاون و شەوانە ئاژەڵی زۆر دێتە ژوورەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە و زۆرجار شارەوانی
گوێ نادات بەم شوێنە، هەموو شتەكانی تێك چووە و بۆری و كاشیەكانی
شكاون و شوێنی كوشتارگەكە ئێستا لەناو ماڵانە و بۆن و بەرامی دەڕوات و پاشماوەی
ئاژەڵە سەربڕاوەكان لە شوێنی نەگونجاو فڕێ دەدرێت.
ئەمیر سۆفی جەمال، لێپرسراوی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن
بۆ "وشە" روونی دەکاتەوە، ئەم گوشتارگەیە ساڵانێكی زۆرە حزمەتی بە هاووڵاتییان
كردووە و شارەوانی ساڵانە دەیداتەوە بە كرێ،هەرچەند شارەوانیمان هەوڵیداوە زۆرترین كات نۆژەنی بكاتەوە، تا لەڕووی تەندروستییەوە زیانی نەبێت و لە لایەن تەندروستی و ڤێتەرنەریشەوە، چاودێری دەكرێت.
لێپرسراوی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە كوشتارگەكە نوێ بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی
داراییەوە ئەو كارە نەكراوە.
شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانی دوورە و خاوەنی تەنیا
كوشتارگەیەکە بۆ نزیكەی 60 هەزار هاووڵاتی و لە ئێستاشدا پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و
فراوانكردن هەیە.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی