شاناز برایم و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ كێشه‌كانی یه‌كێتی قووڵتر ده‌كه‌نه‌وه
وه‌ڵام و وه‌ڵامكاری هه‌ریه‌ك له كۆسره‌ت ره‌سووڵ و شاناز برایم ئه‌حمه‌د له میدیاكاندا، كێشه‌كانی یه‌كێتی و به‌تایبه‌ت هه‌ردوو باڵی ماڵی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سووڵ قووڵتر ده‌كه‌نه‌وه و باڵی كۆسره‌ت داوای ته‌جمیدكردنی شاناز ده‌كه‌ن به ته‌واوه‌تی.
له دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا شاناز برایم ئه‌حمه‌د له وتارێكدا ئۆباڵی نه‌به‌ستنی كۆنگره‌ی خسته ئه‌ستۆی كۆسره‌ت ره‌سووڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ڕای گه‌یاند، هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌ك ڕوو بدات كۆسره‌ت ره‌سووڵ لێی به‌رپرسیاره. له به‌رانبه‌ریشدا كه‌سێكی نادیار له ماڵپه‌ڕێكی نزیك له كۆسره‌ت ره‌سووڵ وه‌ڵامی شاناز برایمی دایه‌وه و تۆمه‌تباری كرد به‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه ته‌نیا بۆ بوون به ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی وا ده‌كات و ده‌یه‌وێ ناو یه‌كێتی تێك بدات.
به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ست "وشه" كۆسره‌ت ره‌سووڵ و باڵه‌كه‌ی له‌ناو یه‌كێتی زۆر له‌و قسه و وتاره‌ی شاناز برایم ئه‌حمه‌د تووڕه‌ن، له‌ناو سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیش هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتووه و ڕاسته‌وخۆ به بافڵ تاڵه‌بانی گوتراوه ئه‌وه‌ی ده‌وێرێت به‌و جۆره له‌ناو یه‌كێتی قسه بكات و كێشه‌كان ئاڵۆزتر بكات، ئه‌وانه‌ن كه له ماڵباتی ئێوه‌ن یان ئێوه پشتیان ده‌گرن.
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌سه‌ر پێشنیاری چه‌ند ئه‌ندامێكی، ماوه‌ی ڕابردوو گفتوگۆی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك كرد بۆ ته‌جمیدكردنی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی و به‌تایبه‌ت میدیاكان قسه ده‌كه‌ن و ڕه‌خنه له سیاسه‌تی یه‌كێتی ده‌گرن.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، ئێسته باڵی كۆسره‌ت ره‌سووڵ به‌هه‌مانشێوه داوای ته‌جمیدكردن و ڕێگری له قسه‌كردنی هه‌ندێ كه‌سیان داوه‌ته مه‌كته‌بی سیاسی كه تا به‌ستنی كۆنگره به هیچ شێوه‌یه‌ك قسه نه‌كه‌ن و به ته‌واوی ته‌جمید بكرێن، یه‌كێك له‌وانه شاناز برایم ئه‌حمه‌ده و دووه‌میش مه‌لا به‌ختیاره.
ڕاوێژكارێكی كۆسره‌ت ره‌سووڵ كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، ئه‌و نووسینه‌ی شاناز كۆسره‌ت ره‌سووڵی زۆر تووڕه كردووه، بۆیه ئێسته كێشه‌كانی نێوان بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و باڵی كاك كۆسره‌ت زیاتر قووڵ بوونه‌ته‌وه و له‌و كاته‌شه‌وه دوو هه‌فته زیاتره پێوه‌ندییه‌كان به ته‌واوی سارد بوونه‌ته‌وه.
زیاتر گوتی، "بارودۆخی یه‌كێتی هی ئه‌وه نییه هه‌ر كه‌سێك له‌لایه‌كه‌وه هه‌ستێت و قسه فڕێ بدات، پێویسته هه‌مووان به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه بكه‌ن و هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكیی بده‌ن نه‌ك ئاگری ناكۆكییه‌كان خۆش بكه‌ن."
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری داوه له‌مساڵدا كۆنگره بكات، به‌ڵام كاته‌كه‌یان دیاری نه‌كردووه و ئێسته پێشنیارێكی تر هه‌یه كه یه‌كێتی كۆنگره‌كه‌ی بۆ مانگی ئایاری ٢٠٢٠ دوا بخات، به‌ڵام هێشتا بڕیاری ئه‌وه‌یش نه‌دراوه.
جه‌میل هه‌ورامی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی به"وشه"ـی گوت، "وا باشتره هه‌ر كادر و سه‌ركرده و لایه‌نگرێكی یه‌كێتی قسه‌ی هه‌بێت، له ئۆرگانه‌كانی حزب باسی بكات و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكات نه‌ك فه‌یسبووك، چونكه قسه‌كردن له فه‌یسبووك و میدیا خزمه‌ت به ڕیزه‌كانی حزب ناكات."
هه‌رچی چاودێرانی سیاسین پێیان وایه بارودۆخی یه‌كێتی له كۆنتڕۆڵی مه‌كته‌بی سیاسی و كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌رچووه و پێشبینی ئاڵۆزیی زیاتری ناو ئه‌و حزبه‌ش ده‌كه‌ن.
یه‌حیا ئه‌حمه‌د مامۆستای زانكۆی سلێمانی و چاودێری سیاسی به"وشه"ـی گوت، "دۆخی یه‌كێتی له‌وه‌ی ئێسته هه‌یه زیاتر تێكده‌چێت، بارودۆخیشیان وای لێ هاتووه نه مه‌كته‌بی سیاسی و نه كه‌سایه‌تییه‌ك به ته‌نیا ناتوانن كۆنتڕۆڵی بكه‌ن."