سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی هەولێر بانگهێشت دەكرێن

:: PM:12:21:24/08/2019 ‌
سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆ دەبێتەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی سنووری پارێزگا بانگهێشتی ئەنجوومەن دەكرێن.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی ئاب، مەریوان پیرباڵ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سبەی كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 69 ی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە سەعات 11ـی بەیانی بە ئامادەبوونی  ژمارەیەك زۆر لە لێپسراوانی هەولێر دەست پێ دەكات.

ڕوونی كردەوە، هەریەكە لە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و تاهیر عەبدوڵا جێگری پارێزگاری هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر و سەرۆكی شارەوانی بەحركە و بەڕێوەبەری شارەدێی بەحركە و سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی سنووری پاریزگای هەولێر ئامادە دەبن.

ئاشكرای كرد بەشێكی كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
دووپاتی دەکاتەوە، بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كشتوكاڵ و تەندروستی و شەهیدان و كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و ئەوقاف و ئاوەدانكردنەوە و گەشتوگوزار و شارەوانییەكان و سەرۆكایەتی شارەوانی و رۆشنبیری و وەبەرهێنان و پەروەردە و دابەشكردنی كارەبا لە کۆبوونەوەکە ئامادە دەبن.




وشە - رامیار جەواد