ئێواران زرێبار جمەی دێ لە گەشتیاری هەرێم

:: PM:02:03:24/08/2019 ‌

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیارانی باشووری کوردستان و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی دەریاچەی زرێبار لە نزیك شاری مەریوان دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، ئەسعە كەریمی خاوەنی كەپرە گەشتیارییەكانی زرێبار بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و بەهۆی هەڵكەوتەی سرووشتە جوان و دڵگیرەکەی، ئێواران و شەوانە گەشتیارێكی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵات، دێنە دەریاچەی زرێبار.

زیاتر روونی دەکاتەوە، زرێبار خاوەنی سەیرانگا و ئاوێكی زۆر و سازگارە و كەشوهەوا و پلەكانی گەرما لەنێوان 25 تا 30 پلەی سلیزییە و ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر راكێشانی گەشتیاران هەیە، زۆربەی گەشتیارەكانیش لە ئێستادا لە شارۆكەی پێنجوێن و هەرێمی كوردستانەوە دێن، بەهۆی هاوسنووری و دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر بەدیناری عێراقی دەرفەتی ئەوە رێک کەوتووە زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچانە سەردانی مەریوان و زرێبار بکەن.

زرێبار، نزیكەی سێ كیلۆمەتر لە شاری مەریوانەوە دوورە و لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، گەشتیارانی پێنجوێن و باشووری كوردستان بەردەوام بۆ گەشتکردن رووی تێدەكەن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی









وشە - هیدایه‌ت جان