تاڵەبانی نرخی تەماتەی بەرز كردەوە

:: PM:02:20:24/08/2019 ‌
بڕیارێكی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان وایكردووە نرخی تەماتە ئەمڕۆ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە و نرخەكەی نزیك ببێتەوە لە هەزار و 500 دینار.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی ئاب، دڵشاد سەعدوڵا ژمێریار لە عەلوەی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای بڕیارەكەی وەزیری كشتوكاڵ بۆ ڕێگریكردن لە هێنانی تەماتە بۆ ناو هەرێمی كوردستان لە یەكی ئەیلوول، ئەمڕۆ نرخی تەماتە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

ڕوونی كردەوە، ئەمڕۆ لە قەپان كیلۆی تەماتە لە 800 دینار بۆ 950 دینار فرۆشراوە لە كاتێكدا ڕۆژی چوارشەم نرخی تەماتە لە عەلوە بە 250 دینار كێش كراوە.

باسی لەوەش كرد، نرخی تەماتە ئەمڕۆ لە بازاڕەكان و ماركێتەكان بە هەزار و 250 دینار بۆ هەزار و 500 دینار فرۆشراوە ئەوەیش نرخێكی زۆرە، هەروەها هۆكاری بەرز بوونەوەشی كەمبوونەوەی تەماتە نییە لە بازاڕ بەڵكو چەند بازرگانێك بەشێكی زۆری تەماتەیان كڕیووە و لە ساردكەرەوە دایانناوە و نایفرۆشن، چاوەڕوان دەكەن لە دوای یەكی ئەیلوول گران بێت.

ڕۆژی پێنجشەم بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەغەكردنی هێنانی تەماتەی دەركرد.



وشە - رامیار جەواد