له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی زۆر ده‌درێت ساڵانه زۆرترین گه‌شتیار بێنه كوردستان و پلان وایه ئه‌مساڵ ژماره‌یان بگه‌یه‌نرێته سه‌رووی سێ ملیۆن كه‌س، كه‌چی گه‌شتیارانی هه‌ولێر ناچارن به‌ڕۆژوو بن. ژماره‌ی گه‌شتیاران كه له بۆنه‌كان و ڕۆژانی پشوو له ترۆپكه، كه‌چی ڕۆژانی پشوو زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خواردنگه‌كانی هه‌ولێری پایته‌خت داده‌خرێن و تێیدا به ئه‌سته‌م پاروویه‌ك نان ده‌ست ده‌كه‌وێت.
)ئه‌رێ بێ زه‌حمه‌ت له كوێ خواردنمان ده‌ست ده‌كه‌وێت؟ له‌و خواره‌ی كۆمه‌رێك مه‌تعه‌می لێیه، له‌وێوه هاتم هه‌مووی داخراوه، بڕۆ فرانه شوێن ڕه‌نگبی هه‌بی، هی ئه‌وێش داخرابوو، ئه‌ی فیسار شوێن؟ له‌و شوێنه‌ش هه‌روا به خودای نازانم برێم چ، باشه سوپاس...)، كاتێك پێش نیوه‌ڕۆی ڕۆژانی پشوو بۆ ماوه‌یه‌ك بچیته سه‌ر شه‌قامه‌كانی هه‌ولێری پایته‌خت، ئه‌گه‌ر چه‌ند گه‌شتیار و ئۆتۆمبێلێك ئه‌و پرسیاره‌ت لێ نه‌كه‌ن، ئه‌وا تووشی دانه‌یه‌ك هه‌ر دێی.
ئاخر ڕۆژانی پشوو وه‌ك زۆر له دووكانه‌كانی، ده‌رگه‌ی زۆربه‌ی چێشتخانه‌كانی پایته‌خت داخراوه، ده‌بێت هه‌موو شه‌قامه گشتییه‌كان و گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر بكه‌ی، به‌ڵكه له كه‌لێنێك پارووه نانێكت ده‌ست بكه‌وێت، خۆ له كاتی بۆنه‌كاندا به پێچه‌وانه‌ی وڵاتان كه به‌ر له هاتنیان، خاوه‌ن چێشتخانه‌كان خۆی بۆ ئاماده ده‌كه‌ن و زیاتر له ڕۆژانی ئاسایی كاتی كاریان درێژتر ده‌كه‌نه‌وه، له هه‌ولێری پایته‌خت به یه‌كجار ده‌بێته چۆڵه‌وانی و له ١٠یان یه‌كیان به‌كراوه‌یی نابینی و تا كۆتایی ڕۆژی بۆنه ده‌رگه‌كانیان ناكرێنه‌وه، له‌و كاتانه ده‌بێت بۆ سك تێركردن بگه‌ڕێیت، نه‌ك به دڵخواز و پێویسته بێزیش بخه‌یته لاوه، ئه‌گه‌رنا به‌ده‌ردی عامر ده‌چن.
یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قوربانه و عامر و خێزانه‌كه‌ی دوای یه‌ك سه‌عات گه‌ڕان به‌دوای ناندا، له كۆڵانێكدا دووكانی له‌فه‌ی گه‌س به كراوه‌یی، شاگه‌شكه‌یان ده‌كات. عامر كه دڵی خواردنه‌كه نابات، سكی دوو منداڵ و خێزانه‌كه‌ی تێر ده‌كات و خۆی بۆ چێشتخانه‌یه‌كی تر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام ڕۆژه‌كه به برسێتی به‌ڕێ ده‌كات. ئه‌و بۆ "وشه" گوتی "هه‌ولێر خۆش، به‌س ئه‌كل ماك‌و، نییه".
نه‌كرانه‌وه‌ی خواردنگه‌كانی پایته‌ختی كوردستان له ڕۆژانی پشوو، له كاتێكدایه ڕۆژانی بۆنه و پشوو ژماره‌ی گه‌شتیاران له ترۆپكن.
به‌پێی ئاماری ده‌سته‌ی گه‌شوگوزاری هه‌رێمی كوردستان له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، زیاتر له ملیۆنێك و ٧٥٠ هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان.
نادر ڕۆستی گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری كوردستان ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه له بۆنه‌كاندا ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیار ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و به"وشه" ده‌ڵێت، "پلانی ده‌سته ئه‌وه‌یه ئه‌مساڵ ژماره‌ی گه‌شتیاران بۆ سه‌رووی سێ ملیۆن به‌رز بكاته‌وه".
هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ی جار هه‌ولێری پایته‌خت پشكی شێری له ڕاكێشانی گه‌شتیار به‌رده‌كه‌وێت و به‌پێی ئاماری ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ملیۆنێك و ٢٨٣ هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه.
هه‌ر به‌پێی ئاماری ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، ٣٧٢ خواردنگه له هه‌ولێری پایته‌خت له‌لای ئه‌وان مۆڵه‌تیان هه‌یه، كه له ڕۆژانی پشوو زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان داده‌خرێن و به پێچه‌وانه‌ی پلانه‌كه‌ی ده‌سته، ده‌ردێكی وا ده‌ده‌نه گه‌شتیار، جارێكی تر ڕووی تێ نه‌كه‌نه‌وه، له كاتێكدا كاسبكاران كه به‌دوای قازانجه‌وه‌ن، ڕه‌نگه ڕۆژانی پشوو زۆرترین داهات خڕ بكه‌نه‌وه.
نه‌ریمان فازڵ به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، بۆ "وشه" ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌شتیارێكی زۆر دێنه هه‌ولێر، كرانه‌وه‌ی خواردنگه‌كان له ساڵانی پێشتر باشتره. به بڕوای ئه‌و "گه‌شتیار به برسێتی نامێنێته‌وه".
فازڵ ده‌شڵێ لیژنه‌كانیان به‌رده‌وام له گه‌ڕانن به‌سه‌ر خواردنگه‌كان و ڕێنوێنیی كرانه‌وه‌یان له ڕۆژانی پشوو پێ ده‌ده‌ن.
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر نایشارێته‌وه كه ئه‌و خواردنگانه‌ی كارمه‌نده‌كانیان خۆماڵی نین و بیانین، ده‌كرێنه‌وه. ددان به‌وه‌شدا ده‌نێت "به‌ڵام خواردنگه‌كان كه‌رتی تایبه‌تن و ناتوانین به‌زۆر پێیان بكه‌ینه‌وه".
گه‌شتیاری كه كه‌رتێكی به‌هێزی سه‌رچاوه‌ی دارایی وڵاته و ده‌كرێت پشتی پێ ببه‌سترێت، جیا له نه‌كرانه‌وه‌ی خواردنگه‌كان له ڕۆژانی پشوو، له ڕووی كوالیتی خواردن و خزمه‌تگوزاریش هی زۆریان مایه‌ی دڵخۆشی نین، له كاتێكدا گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر لیژنه‌ی شه‌و و ڕۆژیان هه‌یه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی سزادراوان ڕوون نییه، به‌ڵام نه‌ریمان گوتی، "له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌ك خواردنگه به‌هۆی سه‌رپێچییه‌وه له ڕووی كوالیتی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، سزا دراون".
ئێسته كه ڕۆژانی پشوو ده‌رگه‌ی زۆربه‌ی خواردنگه‌كانی هه‌ولێری پایته‌خت داده‌خرێت، ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی له ڕۆژانی پشوو ڕوو له هه‌ولێر ده‌كه‌ن، باشتره خواردنی خۆیان پێ بێت، تا وه‌ك عامر ڕۆژه‌كه‌یان به سكی خاڵی به‌ڕێ نه‌كه‌ن. برسێتی كه بڕست له مرۆڤ ده‌بڕێت و هێزی تێدا ناهێڵێت، ڕه‌نگه گه‌شتیاران جوانترین دیمه‌نه‌كانی شار به قێزه‌ونترین ببینن و بۆ هه‌تایه‌ش هه‌رێمی كوردستان له بژارده‌ی گه‌شتكردن له خه‌یاڵیان بسڕنه‌وه.
پاشخان:
له ڕابردوودا شه‌ڕی داعش و ته‌نگژه‌ی دارایی و گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری كوردستان هه‌بووه، به‌ر له‌و گێژاوه، ساڵ به ساڵ ژماره‌ی گه‌شتیاران بۆ كوردستان زیاتر ده‌بوو، به ئاستێك له ساڵی 2013دا سێ ملیۆن گه‌شتیار له سنووره‌كانی كوردستانه‌وه هاتوونه‌ته ژووره‌وه، كه ته‌نیا له بۆنه‌ی نه‌ورۆزی ئه‌و ساڵه‌دا، ژماره‌ی گه‌شتیاران زیاتر له 400 هه‌زار كه‌س بووه، خه‌ڵكی له هه‌موو شوێنێكه‌وه ڕووی تێده‌كرد، گه‌شتیار كه داهاتی باش له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت، له بۆنه‌كاندا هیچ شتێك به‌رنه‌ده‌كه‌وت، به‌ڵام شه‌ڕ و گرژی دۆخه‌كه‌ی پێچه‌وانه كرده‌وه و كوردستان كه چاوه‌ڕێی ملیۆنان گه‌شتیار بوو.
ساڵی یه‌كه‌م و دووه‌می شه‌ڕی داعش، ژماره‌ی گه‌شتیاران له چه‌ند هه‌زارێك تێپه‌ڕی نه‌كرد، ئه‌وه‌ش هاواری به خاوه‌ن میوانخانه و چێشتخانه‌كان هه‌ستاند و زۆریان كرێكاره‌كانیان ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه كرده‌وه و ده‌رگه‌كانیان داخست.
به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی چێشتخانه و میوانخانه‌كان، زیاتر له 100 میوانخانه و چێشتخانه له بێكاری داخران، ئێسته‌یش كه ژماره‌ی گه‌شتیاران ڕووه و هه‌ڵكشانه، خواردنگه‌كان له بۆنه‌كاندا ده‌رگه‌كان داده‌خه‌ن و گه‌شتیاران ده‌تۆرێنن.
وشه/ هه‌ولێر. چواس خالید