جووتیارێکی گەنج كەلەرم و قەرنابیت بەرهەم دەهێنێت

:: PM:04:31:24/08/2019 ‌

بۆ یەكەمجار لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن جووتیارێكی گەنج كەلەرم و قەرنابیت بەرهەم دەهێنێت و داوای رێگەگرتن لە هاوردەی بەرهەمی دەرەكی دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، ئەرمەن كەریم بە "وشە"ی راگەیاند، هەرچەندە لە پێنجوێن ساڵانە لە وەرزی هاویندا چەندین جۆری جیاوازی میوە و سەوزە بەرهەم دێت، بەڵام لەمساڵدا جیاواز لە جووتیارانی تر کەلەرم و قەڕنابیتم بەرهەم هێناوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، هۆكاری ئاشنا نەبوونی جووتیارانی ئەو ناوچەیە یان حەزنەكردنە بەم دوو بەرهەمە كشتوكاڵییە كە لە لایەن خەڵكییەوە خواستێكی زۆری لەسەرنییە و ترسی ئەوەیان هەیە بۆیان ساغ نەبێتەوە، یانیش هۆکاری بێ ئەزموونییە لە بەرهەمهێنانی ئەو دوو بەرهەمە کە سەرباری ئەوەش تا ئێستا رۆژانە كەلەرم و قەرنابیتێكی زۆر لە رێگەی مەرزەكانی پێنجوێنەوە هاوردەی هەرێم دەكرێت.

"لەمانگی پێنجەوە شەتڵی هەردوو بەرهەمەكەمان چاندووە و وەك هەر بەرهەمێكی تری كشتوكاڵی پێویستی بە كووت و دەرمان و ئاودان هەیە و رێژی كەلەرمەكە "20" نەوارە، كە هەر نەوارێك 1000 مەتر دەكات و قەرنابیەتەكەش سێ نەوارە" ئەرمەن کەریم وای گوت.

ئەو جووتیارە گەنجەی پێنجوێن داوای رێگری کردن لە هاوردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات وەک پاڵپشتی و هاندان بۆ جووتیارانی ناوخۆ و پێی وایە خاکی کوردستان ئەوەندە بەپیتە کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازی دانیشتووانی بێت.

شارۆكەی پێنجوێن بەهۆی گونجاوی كەشوهەوا و زەوییەوە، ساڵانە لە وەرزی هاویندا چەندین جۆری بەرهەمی كشتوكاڵی دەخاتە بازاڕەكانەوە و لە لایەن هاووڵاتییانەوە بەردەوام خواستیان لەسەرە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی









وشە - هیدایه‌ت جان