بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ئابوورییەكی توركیا روو لە چین دەكات

:: PM:05:37:24/08/2019 ‌


تەنگژەی ئابووری توركیا چەندان كاریگەری بەسەر هەردوو دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی توركیا كردووە و راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هەبووە كە بەشێوەیەكی تێبینیكراو ئاڵوگۆڕی پێوە دیارە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و سیاسییەوە، ئەوەش بە پێی پێویستی چارەسەركردنی دۆخی نەرێنی ئەو وڵاتەوە، ئەوەش لەو سووڕانەوەی ئەنكەرەوە دیار دەكەوێت بە ئاراستەی پەكین لە میانەی هەوڵدانی بۆ بەكارهێنانی ئەوپەڕی تواناكانی بۆ رزگاركردنی ئابووری وڵاتەكە كە بەبەردەوام هۆكاری سەرەكی بووە بۆ سەركەوتنی ئەردۆغان و حزبەكەی و دەستكەوتە سیاسییەكانی.  

ئەوەی ئابووری توركیا بەدەستییەوە دەناڵێنێت لە كێشە و سەختی بەهۆی دەستوەردانی سیاسی راستەوخۆ لە سیاسەتی دراو و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان لە دەرەوە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەنكەرە بەتایبەتی واشنتن و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا، كاریگەری نەرێنیان خستە سەر بازاڕی دراوی توركیا، جیا لە دابەزینی بەهای لیرەی توركی بە زیاتر لە چواریەكی بەهاكەیەوە لە ئابی ساڵی رابردوو.

هاوكات پاشەكشەی ئابووری توركیا بە رێژەی 2.6% لەسەر بنەمای ساڵانە لە چواریەكی یەكەمی 2019 وەك پەیمانگەی ئاماری توركی باسی لێوە كرد، جیا لە بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان و كورتهێنان لە بودجە كە لە هاوینی رابردووەوە بەردەوامە و ئێستە ئاستی بێكاری لەو وڵاتە گەیشتووەتە 15% و هەڵاوسان بۆ 17%.   

لە سایەی ئەو تەنگژانەی لە توركیا هەن و كۆنترۆڵی ژێرخانی ئابووری و سیاسی ئەنكەرە دەكەن و لەبەردەم خواستەكانی توركیا وەك یاریكەرێكی ناوچەكە، ئەردۆغان بەدوای هاوڕێ و هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێت، لەناو لمێكی سیاسی جووڵاوەدا و لەناو جوگرافیایەكی سیاسی ئاڵۆزدا كە وای كردووە هەڵوێستەكانی خۆی بگۆڕێت وەك ئەوەی لەگەڵ چین كە ئێستە ئەردۆغان هەوڵی بۆ دەدات بەمەبەستی گەڕان بەدوای دەستكەوتێكی بیانی بۆ پاڵپشتیكردنی دارایی گەشەسەندنێك لە رووی سیاسییەوە و هەوڵدان بۆ زیادكردنی هاریكاری ئابووری لەگەڵیدا.

لەسەر ئەو بنەمایەدا ئەنكەرە ئاستی رەخنەگرتنی لە پەكین بەهۆی كێشەی موسڵمانانی ئیگۆر كەمتر كرەوە كە پێشتر بە بەردەوام بەرگری لە مافی ئەوان دەكرد لەدژی ئەو سەركوتكارییەی لەناو دەوڵەتی چین رووبەڕووی دەبوونەوە.

بەم دواییە بانكی ناوەندی چین ئاشكرای كرد كە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نێوان لە 2012 بۆ ئالوگۆڕی دراو، پەكین ملیارێك دۆلاری بۆ توركیا تەحویل كردووە و ئەوەش یەكەمجارە بڕێكی گەورەی پارە بۆ ئەنكەرە رەوانە بكرێت بەپێی رێككەوتنی ئالوگۆڕی لیرە و یوان لەگەڵ پەكین وەك "بلومبێرگ" ئاماژەی بۆ كرد.

لەوكاتەی ئەو بڕە پارە بۆ ئەنكەرە شتێكی كاریگەر نەبوو لە بواری جۆراوجۆركردنی وەبەرهێنانی بیانی و چارەسەركردنی تەنگژەی ئابووری ئەو وڵاتە و زیاترین شت كە بیكات قەرزپێدانی بڕێك پارەیە بۆ ماوەیەكی كورت وەك یەدەگی دراوی بیانی كەمبووەوە لە توركیا، وەك سۆنەر جاگایتای توێژەر لە كاروباری توركیا باسی لێوە كرد. 

زیاتر گوتی، هاریكاری ئابووری لە نێوان پەكین و ئەنكەرە پێویست بە ئەنجامدانی چەندان گۆڕانكاری پێویست و ریشەیی دەكات بۆ ئەوەی چین پاڵپشتی لە ئابووری توركیا بكات و بۆ ئەوەش پێویستە بەسەر ناكۆكی سیاسی و مێژوویی نێوانیان زاڵ بن بەتایبەتی ئەوەی پێوەستە بە كەمینەی ئیگۆری توركی لە ناوچەی شینگیانگ لە چین. كاتێك كەمی سەرچاوەی سروشتی لە توركیا ناچاری دەكات پشت بە وەرگرتنی سەرمایەی بیانی و پێوەندی بە بازاڕەكانیی جیهانییەوە ببەستێت بۆ گەیشتن بە گەشەسەندن كە ئەردۆغان لە 2003ەوە لە رووی سیاسییەوە سوودی لێ دەبینێت بۆ دەستكەوتی هەڵبژاردن كە وای كرد پارەیەكی زۆری بیانی بە تایبەتی ئەوروپی لەو وڵاتە بخرێتە وەبەرهێنانەوە. 

تا ئێستە و لە ماوەی چەند مانگی رابردووەوە ئاسۆی ئەو رێككەوتنەی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات روون نییە كە چەندان كاریگەری نەرێنی ئەو تەنگژەیە توركیای گرتەوە وەك دۆڕانی گەورەی ئەردۆغان و پارتەكەی لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی، ئەگەرچی هەردوو سەرۆكی توركیا و چیت لە پەكین بەیەك گەیشتن و ئەردۆغان دووپاتی لە پێویستی بەهێزركدنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات كردەوە لە سایەی ئەو كێشانەی هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری دنیا دەكەن. 

هانی سلێمان توێژەری میسری لەو بارەوە دەڵێت، موسڵمانانی ئۆیگۆر كە لە هەرێمی شینگیانگ لە باكوری رۆژئاوای چین دەژین و لە رەگەزی توركن، هەڵوێستی توركیا لەبارەیانەوە تەواو دەگۆڕێت و ئەردۆغان داوای لە میدیاكانی سەر بە خۆی كردووە كەمتر باسی ئەو پرسە بكەن، دووپاتی كردەوە توركیا پێویستی بە وەبەرهێنان بە بەهای چەندان ملیار دۆلار هەیە بۆ مسۆگەركردنی گەشەسەندنی ئابووری و پاراستنی رۆڵی سیاسیانەس ئەردۆغان و پۆستەكەی كە خەریكە پاشەكشە دەكات، لەوكاتەی چاودێران پێیان وایە ئەو وەبەرهێنانە گەورەی چین لە توركیا پێویست بە گۆڕانكاری ریشەیی سیاسیەتی ئەردۆغان لە بەرانبەر موسڵمانانی چین دەكات بەوەی درك بەوە دەكات كە چین توانای دابینكردنی وەبەرهێنان و قەرزی پێویستی بۆ توركیا هەیە دوای ئەوەی بانكەكانی توركیا بەئاسانی ناتوانن لە بانكەكانی ئەمەریكا و ئەوروپای بەدەست بێنن، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت پەكین بۆخۆی رابكێشێت بۆ پاڵپشتیكردنی ئابووری وڵاتەكەی ئەگەرچی تا ئێستە راپۆرتەكان باس لە دیداری چالاكانی ئۆیگۆر و بەرپرسانی تورك لە ئەنكەرە دەكەن.    


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل