زڕدایكێك منداڵێكی شەش ساڵان بە ئاوی گەرم دەكوژێت

:: PM:09:46:24/08/2019 ‌
دوای دۆزینەوەی تەرمەكەی و دەستكردن بە لێكۆڵینەوە لەلایەن پۆلیسەوە، زڕدایكی منداڵێكی شەش ساڵان دانبەوەدا دەنێت ئاوی گەرمی لە دواوە بەسەر جەستەی منداڵەكە كردووە و دەمیشی گرتووە تا گیانی لە دەست داوە. پۆلیس دەڵێ، بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادان، دۆسیەكەی رەوانەی دادگا كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، سەركردایەتی پۆلیسی پارێزگای موسەننا لە بەیاننامەیەكدا گرتنی بكوژی منداڵێكی شەش ساڵیان راگەیاند كە لەلایەن زڕدایكی بە ئاوی گەرم كوشتبووی.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی پۆلیس كە لە لاەپەڕەی فەرمی خۆیان لە فەیسبووك بڵاویان كردۆتەوە و "وشە" بەدواداچوونی بۆ كردووە، زڕدایكی ئەو منداڵە دانی بە كوشتنەكە داناوە و ئاماژەی بەوە داوە كە منداڵەكە لە ناوماڵ "زۆر بێزاری" كردووە و ئەویش پلانی كوشتنی منداڵەكەی بە ئاوی گەرم داناوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە پۆلیسی موسەننا دراون، رووداوەكە لە شارۆكەی رمیسە رووی داوە و زانیاری بە بنكەی پۆلیسی هیلال دراوە كە دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای پارێزگایەكە.

دوای گواستنەوەی تەرمی منداڵە شەش ساڵەكە بۆ پزیشكی دادی لە سەماوەی سەنتەری پارێزگایەكە، ئەفسەری لێكۆڵەر بۆی دەركەوتووە كە رووداوەكە كوشتن بووە لە رێگەی ئاوی گەرم بەسەر جەستەی منداڵەكە.
 
پەڕاوی لێكۆڵینەوە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوان كراوە و تیمی لێكۆڵینەوە بە سەرۆكایەتی سەركردەی پۆلیسی موسەننا پێكهێنراوە و دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لە كەسوكاری منداڵەكە كراوە و زڕدایكەكەی لە كاتی لێكۆڵینەوە دانی بە تاوانەكە ناوە.

بەگوێرەی دان پێدانانەكە بێت، لەو كاتەی ژنەكە لە چێشتخانە دەبێت و منداڵەكەش دەچێتە ئەوێ، پێشوەختە ئاوی گەرمی بۆ ئەنجامدانی كوشتنی منداڵەكە ئامادە كردووە و دەستبەجێ ئاوە گەرمەكەی لە دواوە بە تەواوی جەستەی منداڵەكە كردووە و پاشان دەمی منداڵەكەشی گرتووە تا هاواری نەچێتە دەرەوەی ماڵ، تا لە چێشتخانەكە گیان لە دەستدەدات.

ژنە تاوانبارەكە لە دانپێدانانەكەیدا دەڵێ، دەمێك بووە ئەو بیرۆكەی هەبووە كە منداڵەكە بە ئاوی گەرم بكوژێت و پیلانیشی بۆ داناوە، سەرەتاش هەوڵی داوە تەرمەكەی دوور فڕێ بدات، بەڵام نەیتوانیوە و پاشان تەمەركەی لەناو كەرپوچی هۆڵی پێشوازی شاردۆتەوە كە هێشتا هۆڵەكە تەواو نەكراوە. تاوانبارەكە زیاتر گوتی "گەڕامەوە چێشتخانە و خواردنەكەم ئامادە كرد".

لە بەیاننامەكەی پۆلیس هاتووە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە لەگەڵ زڕدایكی ئەو منداڵە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی رەوانەی دادگا كراوە.
فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق