دوای بەردەوامبوونی كردنە ئامانجی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆكەی نەناسراوەوە، شارەزایەكی ستراتیجی عێراقی دەڵێت، هێرشەكان بەردەوام دەبن و سەختتریش دەبن و حەشدی شەعبی ناتوانێت وڵامیان بداتەوە.
لە ماوەی مانگی رابردوو و ئەم مانگەش سەربازگە و كۆگەكانی چەكی حەشدی شەعبی لە چەن ناوچەیەكی عێراق رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی فڕۆكەی نەناسراو بوونەوە، دواتی هەریەك لە ئیسرائیل و حەشدی شەعبی دانیان بەوەدا نا كە فڕۆكەی ئیسرائیلی لە سایەی بێدەنگی ئەمەریكا كە ئاسمانی عێراقی بەدەستەوەیە، ئەو هێرشانەیان ئەنجام داوە.
موئەیەد جحێشی لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، هێرشەكان زیاتر و سەختتر و ئاشكراتر دەبن و حەشدی شەعبیش توانای وڵامدانەوەی نابێت بەهۆی نەبوونی توانای چەكداری و نەبوونی هیچ چەكێك بتوانێت رووبەڕووی ئەو جۆرە هێرشانە ببێتەوە.
زیاتر گوتی، هەروەها ئەوان توانای لێدانی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایان نییە و ئەگەر ئەوەش بكەن، ئەوە مانای راگەیاندنی جەنگە لەسەر ئەمەریكا.
جحێشی روونی كردەوە، زەحمەتە ئیسرائیل هێرش بۆ سەر كۆگەی چەك و سەربازگەكانی حەشدی شەعبی یان هەر گرووپێكی چەكداری ئەنجام بدات ئەگەر ئەو ئامانجانە نەگەیشتبنە ئاستی مەترسی.
دووپاتی كردەوە، ئەستەمە ئەوەی حەشد بانگەشەی بۆ دەكات بەوەی چەكە سووك و ناوەندەكانیان بۆردمان كراوە، چونكە ناكرێت فڕۆكەیەك لە ئیسرائیلەوە بێت و كۆگەیەك بۆردمان بكات تفەنگێك یان هاوەن و مووشەكی كاتیۆشای تیادا بێت، بۆیە ئەوەی رووی دا مووشەكی گەورە بووە.