بارزان.. تەرمێكی نەناسراو دۆزرایەوە

:: PM:11:06:24/08/2019 ‌

لە رووبارێكی سنووری شارۆكەی مێرگەسۆر تەرمێك دۆزرایەوە كە بەهۆی زۆر مانەوەی لەناو ئاودا نازانرێت پیاوە یان ژن, بەرگری شارستانی ناوچەكەش زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو. 

ئەمڕۆ شەموو عەمید عیماد رێكانی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، لە لایەن كارمەندانی بنكەی بەرگری شارستانی بلێ ئاگەدار كراینەوە كەوا تەرمێكی نەناسراو بە ئاوی زێی گەورە دا دێت نزیك شارەدێی بارزان، دەستبەجێ تیمی بنكەی بەرگری شارستانی بلێ گەیشتنە شوێنەكە توانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بنكەی پۆلیسی بارزان تەرمەكە دەربێنین و رەوانەی نەخۆشخانەی بلێی بكەن و دواتر رەوانەی پزیشكی دادی لە ئامێدی كرا.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران دەڵێت،  تەرمەكە لەبەر ئەوە ماوەیەكی زۆر لەناو ئاوی رووبار مابووەوە، نەمانتوانی بیناسینەوە و رەگەزی دیار بكەین, بۆیە رەوانەی پزیشكی داد كرا تا كاری پێویست ئەنجام بدات.

شایەنی باسە بەهۆی نەشارەزایی هاووڵاتییان و زۆری رووبارەكان، ئەمساڵ چەندین حاڵەتی خنكان لە سنووری هەر چوار شارۆكەی دەڤەری سۆران تۆمار كراون. 

مێرگەسۆر/ موڕشید برادۆستی








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل