20 وەبەرهێنەری كورد قەرزیان لە بانكە حكومییەكانی عێراق وەرگرتووە

:: PM:11:40:24/08/2019 ‌

لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو ژمارەیەك وەبەرهێنەری هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆژەكانیان لە ناوچەكانی خوار و ناوەڕاستی عێراق لە بانكە حكومییەكانی سەر بە عێراق قەرزیان وەرگرتووە و ڕێژەی قەرزەكەش جیاوازە تا 500 ملیۆن دۆلارە.

ئەمڕۆ شەموو مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو پرۆژانەی كە پێشكەشی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق كراون لە پارێزگا جیاوازەكان لە لایەن وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای وەبەرهێنان لە عێراق ئەو وەبەرهێنەرانە دەتوانن وەك وەبەرهێنەری تری عێراق قەرز لە بانكە حكومییەكانی عێراق وەربگرن.

زیاتر گوتی، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 20 وەبەرهێنەر قەرزیان لە بانك وەرگرتووە بە تایبەت لە بانكی (تی بی ئای)، هەروەها بانكی ڕەشید و ئەو بانكانەی كە سەر بە بانكی ڕافیدێنن، قەرزەكانیش بەپێی میكانیزم و مەرج و ڕێنمایەكانی یاسای وەبەرهێنان بووە، ئەوەی عێراق ئێستە ئیشی بۆ ئەكات لە ڕێگەی وەزارەتەكان بە تایبەت وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتوگوزار و كشتوكاڵ، پێدانی قەرزە بە وەبەرهێنەران كە لەو بوارەدا پڕۆژە دەكەن.

مەحموود روونی كردەوە، قەبارەی ئەو قەرزانە كە لە لایەن وەبەرهێنەرانی كوردستان لە عێراق وەرگیراوە لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاواوە، وەبەرهێنەر هەیە 10 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، هەیە 100 ملیۆنی وەرگرتووە، وەبەرهێنەریش هەیە بۆ پڕۆژەكانی 500 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، هەموو ئەو قەرزانە بەپێی یاساكانی قەرز و بانك سوودیان دەچێتەسەر بە جۆرێك لە 6% دەست پێ دەكات تا 9%.

گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژەی كرد، هەر وەبەرهێنەرێك لە كاتی خۆی قەرزەكان نەداتەوە زیاتر سوودی دەچێتە سەر، ماوەی قەرزەكەش لە دوو ساڵەوە بۆ 10 ساڵە، پێدانی ئەو قەرزە تا ئێستەیش بەردەوامە و مەبەست لێی هاندانی وەبەرهێنەرانە، قەرزەكانیش بە گەرەنتی بانكی دراون، هەر وەبەرهێنەرێك قەرزی وەرگرتبێت لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەیان خستووەتە گەرەنتی قەرزەكانیان، هەندێكیشیان لە بەغدا موڵكیان خستووەتە گەرەنتی قەرزەكانیان.

 ئەو قەرزە لە هەرێمی كوردستانیش هەبوو، بە تایبەت لە ساڵی 2006 تا دوای ساڵی 2012، بەڵام لەو ساڵەوە تا ئێستە ئەو قەرزانە بەهۆی تەنگژە داراییەكەوە ڕاگیران، مەلا یاسین وای گوت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل