وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ له‌باره‌ى دامه‌زراندنى مامۆستایانى وانه‌بێژ ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات

:: AM:11:43:25/08/2019 ‌
 وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى ئه‌نجامدا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ زمانى ئینگلیزى له‌ بابه‌تى زانست و بیركارى ڕاده‌گیرێت و میكانیزمى ترمان هه‌یه‌ بۆ فێركردنى زمانى ئینگلیزى.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 25ى ئاب، ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى په‌روه‌رده‌ى دهۆكى كرد و ڕاى گه‌یاند، چه‌ند بابه‌تێكى پێوه‌ست به‌ ڕه‌وشى په‌روه‌رده‌ له‌ دهۆك تاوتوێ كراوه‌.

وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا به‌رنامه‌ى چوار ساڵى داهاتووى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ده‌كرێ.

ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ میكانیزمى ترمان بۆ فێربوونى زمانى ئینگلیزى هه‌یه‌، بۆیه‌ بڕیار دراوه‌ كه‌ زمانى ئینگلیزى بابه‌تى زانست و بیركارى له‌ قوتابخانه‌كان هه‌ڵبگیرێت.

له‌باره‌ى دامه‌زراندنى مامۆستاى وانه‌بێژ ئالان حه‌مه‌سه‌عید گوتى، حكوومه‌ت سه‌رقاڵى پێكهێنانى ئه‌نجوومه‌نى ڕاژه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركى دامه‌زراندن و پێداچوونه‌وه‌ى میلاكاته‌، بۆیه‌ هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له‌ دامه‌زراندنى مامۆستاى وانه‌بێژ ناكه‌ین.

مامۆستایانى وانه‌بێژ ئه‌وانان كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان میلاكى مامۆستایانى فه‌رمیان پێ پڕ ده‌كاته‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن و به‌پێى گوتنه‌وه‌ى وانه‌ پاره‌ وه‌رده‌گرن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم