ئیسڕائیل نامەیەك بۆ سولێمانی دەنێرێت

:: PM:06:02:25/08/2019 ‌
لە رێگەی هێرشەكەی شەوی رابردوو بۆ سەر پێگەیەكی سوپای پاسداران لە سووریا، ئیسڕائیل پەیامێك بۆ قاسم سولێمانی سەركردەی سوپای پاسداران رەوان دەكات. رۆژنامەیەكی ئیسڕائیلی دەڵێ، هێرشەكە لە كاتێكدا بووە كە ئێران ئامادەكاری كردووە لە رێگەی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە باشووری لبنان هێرش بكاتە سەر باكوری ئیسڕائیل وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئیسڕائیل.

ئەمڕۆ یەكشەم 25ی شوبات، رۆژنامەی "یەدعۆت ئەحرەنۆت"ـی ئیسڕائیلی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە لەسەر هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم كە فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسڕائیل هێرشیان كردە بۆ سەر گوندی عەقربای نزیك لە دیمەشقی پایتەختی سووریا كە بنكەیەكی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی كردبووە ئامانج و لەگەڵ كردنە ئامانجی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە باشووری لبنان كە ناوچەی هەژموونی حزبوڵای لبنانی سەر بە ئێرانە.

رۆژنامەكە دەڵێ، هێرشەكە پەیامێك بووە لەلایەن ئیسڕائیل بۆ قاسم سولێمانی سەركردەی سوپای پاسداران، لەو كاتەی ئێران هەوڵ و ئامادەكاری كردووە لە رێگەی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو هێرش بكاتە سەر باكوری ئیسڕائیل وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق.

رون بن یشای شیكەرەوەی سیاسی رۆژنامەكە دەڵێ، رووبەڕوو بوونەوەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران فراوان بووە و ئێستە ئۆپراسیۆنەكانی ئیسڕائیل، عێراقیشی كردۆتە ئامانج، گوتی "داننان بە هێرشەكەی سەر سووریا لەلایەن ئیسڕائیل، پەیامێكی بەهێزە بۆ قاسم سولێمانی سەركردەی سوپای پاسداران، ئەمەش وادەكات سولێمانی بە لاوازی بەرانبەر بە خامنەیی دەربكەوێت".
 

لای خۆیەوە یسرائیل كاتس وەزیری بەرگری ئیسڕائیل رای گەیاند، هێرشی فڕۆكەكانی ئیسڕائیل سەری مارەكە دەكاتە ئامانج كە ئێرانە، هاوكات كلكی مارەكەش كە قاسم سولێمانی و سوپای قودسە.


وشە - فه‌رمان سادق