جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كە لە ئێستەدا بە مەبەستی بەشداریكردن لە دانوستانەكانی تایبەت بە جەنگی سووریا، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسڕایە، ئێوارەی دوێنێ شەموو 15ی ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەم، لە یەكێك لە چێشتخانەكانی ئەو شارە نانی خواردووە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو چێشتخانەیەی كێری نانی لێ خواردووە، بەناوبانگە بە جۆرە خواردنێك كە بە ناوی "ژەمە خۆراكی جۆن كێری" ناو نراوە، كە ئەو خواردنە پێك هاتووە لە ژەمێكی پڕ لە سەوزەوات و پەنیر.
چەند رۆژنامەنووسێكی رووسیایی كە زانیویانە كێری لەو شوێنە نان دەخوات، بە خێرایی خۆیان گەیاندووەتە چێشتخانەكە، بەڵام جۆن كێری لە رێگەی دەرگەی فریاكەوتنی لەناكاوەوە لە چێشتخانەكە رۆیشتووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی خۆی لە رۆژنامەنووسەكان رزگار بكات، ئەو كاتەش كە رۆژنامەنووسەكان هەوڵیان داوە لێدوانی لێ وەربگرن، پۆلیسی سویسڕا دووری خستوونەتەوە.
لەبارەی ئەو خواردنەی كە كێری لەو ئێوارەیەدا خواردوویەتی، بەڕێوەبەری چێشتخانەكە رەتی كردووەتەوە كە بیری مابێت جۆن كێری چ خواردنێكی خواردووە، بەڵام گوتوویەتی كە دڵنیایە ئەو خواردنەی داوا نەكردووە، كە بە ناوی ئەوەوە ناو نراوە.
سەرچاوە: RT