فڕۆكەكان نامە بۆ مووسڵاوییەكان بەردەدەنەوە

:: PM:04:28:16/10/2016 ‌
بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شاری مووسڵ، فڕۆكەكانی سوپای عێراق بە سەدان هەزار بڵاوكراوە و نامەیان لە ئاسمانی شارەكە خستە خوارەوە و پەیامی "سەركەوتن نزیكە"یان لە بڵاوكراوەكاندا نووسیوە و تا خەڵكی مووسڵیش خۆیان ئامادە بكەن لەكاتی هێرشكردنە سەر شارەكە و هاوكاری هێزەكانی عێراق بكەن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەمەوە فڕۆكەكان لە ئاسمانی مووسڵەوە نامە دەبارێنن. ئەو نامانەی لە ئاسمانی شارەكەوەش دەبارێنرێن لەسەر زەمین لە دەستی هەر كەسێكەوە ببینرێ، لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەگیرێن و دەكوژرێن.

عەمید عەدنان قاسم گوتەبێژی فیرقەی ئاڵتوونی لە سوپای عێڕاق بۆ باكوری مووسڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بە گوێرەی ئەو بەرنامەیەی هەمان بووە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، توانراوە ئەم ڕەمزە و نیشانانە بگەیەنین بە دانیشتوانی مووسڵ كە پێشتر لە ڕێگەی گرووپە چەكدارەكانەوە ئاگادارمان كردبوونەوە.

هەروەها گوتی، لە نامەكە موژدەیەكی تێدا ئاشكرا كراوە و نووسراوە كە كاتی ئازادكردنی شارەكەتانە، بۆیە بەم زووانە ئاهەنگ دەگێڕن و سەركەوتن بۆ عێراقییەكانە.

ئاماژەی دا، ماوەی چەند مانگێك بەر لە پچڕانی هێڵەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، گرووپێكمان دروست كردووە و چەندان هێما و نیشانە لە نێوانماندا هەیە لە كاتی شەڕەكەدا، هێزەكان و خەڵكی شارەكە لە رێی ئەم هێما و نیشانانەوە ئاگەداری یەكتر دەبن.

ئێستە سوپای عێڕاق و هێزەكانی پێشمەرگە ئابڵۆقەی شاری مووسڵیان داوە و هێرشكردنە سەر ئەم شارە لە سەعاتی سفرە و هێرشی ئاسمانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان و عێراق بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی داعش لە نێو شارەكە بەردەوامە.

بڕیارە هێرشەكە لە پێنج میحوەرەوە بێ، لە گەیارە و گوێڕ و خازر و بەعشیقە و سەدی مووسڵ و ئاسكی مووسڵەوە بەرەو ناوەوەی مووسڵ هێزەكان پێشڕەوی بكەن.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی نیشتمانی و دژە تیرۆری عێراق و پۆلیسی فیدراڵی هێرش بكەنەوە سەر مووسڵ تا لە دەست تیرۆریستانی داعش دەری بهێنن.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - رامیار جەواد