هێزەكانی عێراق دەچنە ناو گەڕەكی نەبی یوونس و ئێستە مزگەوتی نەبی یوونس ڕزگار كراوە كە لای مسوڵمانانی عێراق گرنگی خۆی هەیە .
ئەمڕۆ دووشەم فەریق روكن عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا فەرماندەی كردەوە گەلی نەینەوا لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاندووە، هێزەكانی عێراق توانیویانە دوو گەڕەكی مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكەنەوە بەناوەكانی حەی شوڕتە و ساحل، هەروەها ئاڵای عێراق لەسەر ئەم دوو گەڕەكە بەرز كراوەتەوە.
عەمید سەباح نوعمان گوتەبێژی هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق بە میدیاكانی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم، هێزەكانیان توانیویانە مەزارگەی نەبی یوونس كۆنتڕۆڵ بكەنەوە كە دەكەوێتە ناوەڕاستی بەری چەپی شاری مووسڵ.
جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو بە بەشداری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پۆلیسی فیدراڵ و شەڕوانانی هۆزەكانی مووسڵ دەستی پێ كرد، دوای وەستانی چەند هەفتەیەك لە 29ی كانوونی یەكەم دووبارە جەنگەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە زیاتر لە 65 گەڕەكی بەری چەپی شارەكە ئازاد كراوەتەوە.