فەرماندەی دووەم هێزی تایبەتی هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق دووپاتی كردەوە كە تەنیا پێنج گەڕەك لە بەری چەپی شاری مووسڵ بە دەستی داعشەوە ماونەتەوە و ئەوانیش لە رۆژانی داهاتوودا ئازاد دەكەنەوە.
لیوا رووكن معەن سەعدی ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند كە تەنیا پێنج گەڕەك لە بەری چەپی شارەكە بەدەستی داعشەوە و ماوەتەوە و ئەوانیش لە رۆژانی داهاتوو ئازاد دەكەینەوە.
ئەمڕۆ دووشەم فەریق رووكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا فەرماندەی كردەوەگەلی "قادموون یا نەینەوا" رای گەیاند كە هێزە هاوبەشەكانی عێراق هەردوو گەڕەكی كندی و قەیرەوانیان لە بەری چەپی مووسڵ ئازاد كردووەتەوە.
زیاتر گوتی، هەر ئەمڕۆ پێزەكانی عێراق توانیان ناوچەی نەبی یوونس و گەڕەكی پۆلیس لە بەری چەپ ئازاد بكەنەوە، بێجگە لە ئازادكردنەوەی گەڕەكەكانی كەفائات و جامیعە و ئەندەلووس.
دوێنێ عەمید یەحیا رەسووڵ گوتەبێژ بەناوی كردەوەگەلی هاوبەش دووپاتی كردەوە كە هێزە هاوبەشەكانی عێراق توانیویانە 90%ی بەری چەپی مووسڵ لە داعش ئازاد بكەنەوە، تەنیا چەند بەشێكی كەم لە باكوری بەری چەپ ماوە كە بریتین لە گەڕەكەكانی عەرەبییە و مەلایین و نیسان و دامەزراوەی كەندی كە هەر هەموو ئەوانەش لەژێر كاریگەری بۆردمان و ئاگری هێزەكای عێراقدان.
زیاتر گوتی، چەند رۆژی داهاتوو راگەیاندنی تەواوی بەری چەپی مووسڵ بەخۆیەوە دەبینێت و داعش لەو بەرە لە دوا هەناسەی پێش مەرگدایە و دووپاتی كردەوە، ئێستە هێزەكای عێراق كۆنترۆڵی 85-90%ی بەری چەپی مووسڵ و سێ پردی شارەكە دەكەن، دووپاتی كردەوە كە جەنگ نەوەستاوە و ئێستەش فڕۆكەخانەی مووسڵ لە ژێر ئاگری هێزەكانماندایە.
جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو بە بەشداری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پۆلیسی فیدراڵ و شەڕوانانی هۆزەكانی مووسڵ دەستی پێ كرد، دوای وەستانی چەند هەفتەیەك لە 29ی كانوونی یەكەم دووبارە جەنگەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە زیاتر لە 65 گەڕەكی بەری چەپی شارەكە ئازاد كراوەتەوە.