كۆنگرێسمانێك: كورد یەكێكە لە هاوپەیمانە نزیكە‌كانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا

:: PM:06:24:16/01/2017 ‌

ئادەم شیف ئەندام كۆنگرێسی ئەمەریكا سەردانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكات و بەڵێنی یارمەتی و پشتیوانی زیاتری ئەمەریكا لە دۆزی كورد دەدات و دەڵێ كە لەناو كۆنگرێسدا ژمارەیەكی زۆر ئەندام هەن كە هاوسۆزی دۆزی كورد‌ن و بە‌ یەكێك لە هاوپەیمانە نزیكە‌كانی ئەمریكا لەناوچەكەدا وەسفی دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە میانی پێشوازیكردنی لەو ئەندامەی كۆنگرێسی ئەمەریكا رای گەیاند، بەشداری كارای ئەمەریكا لە مەیدانی سیاسەتی ناوچەكە، بەشێكە لە چارەسەر و دەبێتە فاكتەرێكی گرنگی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا.

لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی فرەوانكردنی هاوكارییەكان و كردەوەگەلی رزگاركردنی مووسڵ و ئایندەی پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و دووپات لە بەردەوامیی پێوەندی پتەوی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كرایەوە، لەو بارەوە مەسروور بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی ئەمەریكا وەك فاكتەرێكی چارەسەر و سەقامگیری دا و رای گەیاند، هاوكاری و هەماهەنگی زیاتر نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە داڕشتنەوەی داهاتووی ناوچەكە پێویستییەكی گرنگە‌ و لە بەشێكی تری دیدارەكەدا تیشكی خستە سەر قۆناغی پاش داعش و نەبوونی متمانە و میكانیزمی داڕشتنەوەی ئایندەی پێوەندییەكان لە ناوچەكەدا.

ئادەم شیف ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا، پێزانینی زۆری خۆی بۆ رۆڵی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە شەڕی جیهانی دژ بە تیرۆر دەربڕی و رای گەیاند، دەخوازم سوپاستان بكەم بۆ بەشداری و هاوكاریكردنتان لە رووبەڕووبونەوە و نەهێشتنی تیرۆردا، كە رۆڵێكی زۆر كاریگەر و سوودبەخشە.
 
شیف ئاشكرای كرد كە وێڕای دووپاتكردنەوەی پاڵپشتی و هاوسۆزی خۆی بۆ‌ مافەكانی گەلی كورد بەڵێنی زیاتركردنی یارمەتی و پشتیوانی ئەمەریكای لە دۆزی كورد دا و رای گەیاند، لەناو كۆنگرێسدا ژمارەیەكی زۆر ئەندام هەن هاوسۆزی دۆزی كورد‌ن و بە‌ یەكێك لە هاوپەیمانە نزیكە‌كانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا وەسفی دەكەن.





وشە - رامیار جەواد