باڵوێزی پێشووی سعوودیە لە عێراق بوو بە وەزیری كاروباری كەنداو

:: PM:04:47:16/10/2016 ‌


سامر سەبهان، باڵوێزی پێشووی سعوودیە لە عێراق بە فەرمانی مەلیك سەلمان، شای سعوودیە وەك وەزیری كاروباری كەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو.

ئەمڕۆ یەكشەم، 16ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، سامر سەبهان، باڵوێزی پێشووی سعوودیە لە عێراق وەك وەزیری كاروباری كەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە دەستنیشان كرا.

سامر سەبهان لەگەڵ لەسێدارەدانی شێخ نەمر، كەسایەتیی شیعەی سعوودیە كە سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، وەك باڵوێزی سعوودیە لە عێراق دەستبەكار بوو و ئەوەیش بووە هۆكار بۆ ئەوەی شیعەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی توند بكەنە سەری.

سەبهان دژی بەشداریكردنی حەشدی شەعبی بوو لە گرتنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش و حەشدی شەعبی بە نوێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دروستكردنی دووبەرەكی مەزەوی لە عێراق وەسف دەكرد.

مانگی تەمووز/یۆلیۆی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رای گەیاند، چەكدارە شیعەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی تیرۆركردنی سامر سەبهان "باڵوێزی ئەوكاتی سعوودیە لە عێراق"یان داوە، بەڵام سەرچاوەیەك لە دەزگەی هەواڵگریی عێراقی پێشتر باڵوێزخانەی سعوودیەی لەو هەوڵە ئاگادار كردبووەوە و سەبهان بەر لە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكە خۆی گەیاند بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا و لەو هەوڵە تیرۆریستییە دەربازی بوو.

رۆژی هەینی، 14ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، مەلیك سەلمان، شای سعوودیە عەبدولعەزیز شومەری وەك هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی باڵوێزخانەی سعوودیە لە عێراق دەستنیشان كرد و ئەمڕۆ بە فەرمی لە باڵوێزخانەی سعوودیە لە بەغدا دەستبەكار بوو.

سەرچاوە: عەرەبیە


وشە - هیدایه‌ت جان