وەزارەتی پەروەردە دوا بڕیاری خۆی لەسەر تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ ئاشكرا كرد

:: PM:07:01:16/01/2017 ‌

لە كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان یەكێتی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێككەوتنێك كرا لەسەر ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی كۆتای ساڵ لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەیەكەوە. 

سامان سیوەلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی دوێنێی وەزارەتی پەروەردە و یەكێتی مامۆستایان رێككەوتن كە تاقیكردنەوەی پۆلە كۆتاكانی نۆی بنەڕەتی ‌و 12ی ئامادەیی لە هەموو هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا ئەنجام بدرێت.

ئاشكرای كرد كە وەزارەتی پەروەردە لە چەند رۆژی داهاتوودا رۆژەكە دیاری دەكات و تاقیكردنەوەی پۆلەكانی تریش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەكان خۆیان دیاری دەكەن.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی دەكات كە ساڵنامەی خوێندن لەم سنوورە گۆڕانكاری تێدا دەكرێ بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە پشوەكان وەربگیرێ، ئەوەش بۆ ئەوەیە كە قەرەبووی خوێندنی تێدا بكرێتەوە و بە كرداریش چەندین رۆژی پشوو لەو سنوورانە نەماون، هەروەها پشووەكانی بەهار نامێنێت، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەوەیە كە هەموو كوردستان بەیەكەوە تاقیكردنەوەكان ئەنجام بدات.

دوێنێ‌ سەرچاوەیەك لە یەكێتی مامۆستایان كە بەشداری كۆبوونەوەكە بوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتووین و بە زووترین كات ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە لەسەر شێوازی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەورووبەری ئاشكرا دەكەین.

ئەو ئەندامەی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت، رێكەووتووین كە چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن لە سلێمانی چۆن دەبێت و تاقیكردنەوەكان چۆن دەكرێت و لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاماژەی كرد كە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆمان كرد و رێككەوتووین كە وەزارەت خۆی ئاشكرای دەكات.  

بەهۆی بایكۆتكردنی مامۆستایانەوە لە دەڤەرەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان داواكارییان بۆ چاككردنی مووچەكانیان، پرۆسەی خوێندن تا رادەیەك لەو دەڤەرە پەكی كەوتووە، ئێستە مامۆستایان گەڕاونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام نزیكەی 80 ڕۆژی خوێندن لەم دەڤەرە نائاساییە.


وشە - رامیار جەواد