لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 54 هەزار خێزانی ئاوارە هەیە و بەڕێوەبەری نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش دەڵێت، هیچ گەرەنتیەك بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بۆ شوێنی خۆیان نییە و ئەوان لە ترسی دووبارە ئاوارەبوونەوە ناگەڕێنەوە.
چیا حوسێن، بەڕێوەبەری نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 54 هەزار خێزان هەیە و بەپێی ستانداری جیهانی هەر خێزانەی بە پێنج كەس دادەنرێت، كەواتە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە هەر دوو ئیدارە و شارەكەشەوە 270 هەزار كەس ئاوارەیە.
زیاتر گوتی، ئەو ئاوارانە دابەش كراون بەسەر كەمپەكاندا و بەشێكی زۆریان و بەشی تریان خۆیان لە ناوچەكان و شارۆكەكان چوونەتە خانووی كرێ و لەوێ نیشتەجێ بوون.
حوسێن ڕای گەیاند كە تا ئێستە تەنیا 170 خێزان بۆ شوێنی خۆیان گەڕاونەتەوە دوای ئازادكردنی ناوچەكانیان، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ گەرەنتیەك نییە بۆ ڕۆیشتنەوەیان لەوەی كە دەپارێزرێن، ئەو ناوچانەش كە داعش بۆی چووە هەمووی سوننەیە، بەڵام لە جێگەیان حەشدی شەعبی هەیە.
ئاماژەی دا، ڕێكخراوە جیهانییەكان و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانیش دەیانەوێ كە ئاوارەكان دەگەڕێنەوە، سەر و ماڵیان دەپارێزرێت و جارێكی تر ئاوارە نەبنەوە، ئەوان ترسیان هەیە لە گەڕانەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان.
لای خۆیەوە سێوە خدر، سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەرانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەندێك لە ئاوارەكان بەهۆی شەڕی مووسڵ دێنە كەمپەكانی چەمچەماڵ نیشتەجێ دەكرێن.
زیاتر گوتی، هیچ پاڵەپەستۆیەك لەسەر ئاوارەكان نییە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان، ئەو ژمارەشی كە گەڕاونەتەوە ژمارەیەكیان لە ئاسایش تۆمار نەكراون.
بەهۆی هێرشەكانی داعش خەڵكێكی زۆر لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق ئاوارە بوون بەتایبەتی لە ناوچە سوننەكان كە زۆرینەیان روویان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كرد و ئێستەن بێجگە لە كەمپەكان، لەناو شار و شارۆكەكانی هەرێم دابەش كراون، كە بەپێی سەرچاوەكان ژمارەیان خۆی لە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە دەدات كە هەندێكیان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و هەندێكی تریشیان بەردەوامن لە هاتن.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی