مانگێك مۆڵەتیان پێ دەدرێت رادیۆ و تیڤییەكان ملیارێك و 430 ملیۆن دینار قەرزداری حكوومەتن

:: AM:09:11:17/01/2017 ‌

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مۆڵەتی كاركردنی بە 315 رادیۆ و تیڤی لۆكاڵی و ئاسمانی بەخشیوە، بەڵام رادیۆ و تیڤییەكان لە پێدانی باج بە حكوومەت ساردن، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری دووپات لەوە دەكاتەوە رادیۆ و تیڤییەكان ملیارێك و 430 دینار قەرزیان لەسەرە و ماوەی مانگێكیشیان وەك مۆڵەت بۆ دانراوە.

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا كۆتای 2016، وەزارەتی ناوبراو مۆڵەتی كاركردنی بە سەرووی 315 رادیۆ و تیڤی لۆكاڵی و ئاسمانی داوە كە لە هەرێمی كوردستاندا بەرنامەكانیان پەخش دەكەن.
داتاكانی وەزارەتەكە روونی دەكەنەوە، ئەو ژمارەیە بەسەر 143 رادیۆ، 93 تیڤی لۆكاڵی و 43 كەناڵی ئاسمانی دابەش دەبێت. بەكۆی گشتی خاوەندارێتی 38 كەناڵیش بە رادیۆ و تیڤی بۆ حزبەكانی ئیسلامی دەگەڕێتەوە، لەپاڵ دوو كەناڵی تری ئاسمانی كە بەهەمان شێوە لەلایەن حزبە ئیسلامییەكانەوە خاوەندارێتی دەكرێن.
فەرهەنگ گۆمەشینی گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، "كاتێك كەناڵێك داوای مۆڵەت دەكات، ئێمە نووسراوێك بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرز دەكەینەوە تا ڕێوشوێنی پێویست لە ڕووی تەناهییەوە لەبەر بگرن، دواتر ئێمە ئاگەدار دەكرێینەوە كە كار بكەن یان نا و پاش رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ، مۆڵەتی پەخشیان پێ‌ دەدرێت".
تێبینی دەكرێت، كەناڵەكانی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا، باجێكی زۆریان لەسەر كەڵەكە بووە، بەڵام تا ئێستە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە فشاریان لەسەر دروست نەكراوە بۆ پێدانی باجەكە، بەڵام ئێستە كە حكوومەت رووبەڕووی تەنگژەی دارایی بووەتەوە، دەیەوێت فشار لەسەر كەناڵەكان دروست بكات و ناچار بە پێدانی باجەكەیان بكات لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا.
گۆمەشینی ئاشكرای كرد، بە سەرجەم كەناڵەكانی حزبە سیاسییەكان، بڕی یەك ملیار و 430 ملیۆن دینار قەرزیان لەسەر كۆ بووەتەوە.
لە ماوەی ساڵی 2016دا، وەزارەتەكە پاڵەپەستۆی بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن نەهێناوە، بەڵام وەك گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێ‌، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ئێمە میكانیزمێك دەدۆزینەوە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان كە بەشێكی بۆ مۆڵەت و بەشێكی ڕێگەپێدانە، بەپێی ڕێكاری یاسایی و ڕێنوێنیی ژمارە 1ی ساڵی 2013 هەڵدەستین بە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر سەرجەم كەناڵەكان بەبێ‌ جیاوازی، بۆ هەر بڕیارێكیش خۆیان بەرپرس دەبن و ئێمە بڕیاری كۆتایان لەسەر دەدەین".
ئێستە وەزارەتی رۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان مۆڵەتی تەنیا مانگێكی بە كەناڵەكان داوە بۆ رادەستكردنی ئەو پارەیەی لەسەریان كەڵەكە بووە و وەك گوتەبێژی وەزارەتەكە روونی دەكاتەوە، ئەوان پاڵپشت بە یاسا و رێنوێنییەكان مامەڵە لەگەڵ كەناڵەكان دەكەن.
د. یاسین كەمال شارەزای ئابووری بە پێویستی دەزانێت وەزارەتی رۆشنبیری پاڵەپەستۆی تەواو لەسەر كەناڵەكان دروست بكات بۆ پێدانی ئەو پارەیەی لە ئەستۆیان دەكەوێت.
ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "ئەگەر حكوومەت لە وەرگرتنی باج و رسوومات رژدبوونی هەبێت، چەند سوودێكی هەیە، یەكەم سەرچاوەیەكی داهات بۆ حكوومەت دروست دەبێت، لەكاتێكدا تووشی تەنگژەی دارایی بووە، لە هەمان كاتدا بێسەروبەری كەناڵەكان كەمتر دەبێتەوە، بگرە كەناڵێك ئەگەر كەناڵێكی راستەقینە نەبێت، ناتوانێت بێسەروبەری بڵاو بكاتەوە و بەردەوام بێت".
كەمال زیاتر دەڵێ‌، "حكوومەت لە ساڵانی پێش دروستبوونی تەنگژەی داراییدا، نەرمییەكی بێ‌ مانای بەرامبەر بە سیستەمی باج و رسوومات یان كرێی خزمەتگوزارییەكان بەگشتی نواندووە، ئەوەش لە بنەڕەتدا یەكێك لە هۆكارەكانی دروستبوونی تەنگژەی دارایییە".
ئەو شارەزایە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، "كەناڵەكانی میدیایی لەكاتێكدا نەرمی زۆریان بەرامبەر نواندراوە، لە هەمان كاتدا حكوومەت بەگشتی نەیتوانیوە ئەو كەناڵانە ناچار بكات بۆ پێشكەشكردنی هەندێك خزمەتگوزاری لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان و گەیاندنی پەیامەكانی حكوومەت بە خەڵك".



وشە - رامیار جەواد