میسی و سوارێز و نیمار یاریی ناكەن

:: AM:10:08:17/01/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد كە لویس ئێنریكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی داهاتوودا یاریی بە هەرسێ هێرشبەرە مەترسیدارەكەی لیۆنێل میسی و لویس سوارێز و نیمار دا سیلڤا ناكات.

یاریی داهاتووی یانەی بەرشەلۆنە رۆژی یەكشەمی داهاتوو دەبێت لە گەڕی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئیبار.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: ئێنریكی دەیەوێ هەمان هەڵەی وەرزی رابردوو نەكاتەوە و ناوە ناوە پشوو بە ئەستێرەكانی بدات بۆ ئەوەی لە ماندوبوون بە دووریان بخاتەوە.

وەرزی رابردوو هەرسێ هێرشبەرەكە بەهۆی زۆری بەشداریكردنی یارییەكانەوە تاڕادەیەكی زۆر ماندووبوونیان پێوە دیار بوو و ئەمە بووە هۆی ئەوەی یانەكە لەنێو یاریگەی خۆی یاریی كلاسیكۆ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید بدۆڕێ، هەروەها لە قۆناغی 8ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش لەسەر دەستی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دوور بخرێتەوە، تەنانەت وای لێهاتبوو نزیك بوو ناسناوی خولی ئیسپانیاش لەدەست بدات بەتایبەتیش لە یارییەكانی كۆتای خولەكەدا.

رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە كە ئێنریكی نایەوێ هەمان هەڵەی وەرزی رابردوو دووبارە بكاتەوە و بەو هۆیەوە لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر یانەی ئیبار كە یارییەكی تاڕادەیەك ئاسان دەبێت بۆ یانەی بەرشەلۆنە، پشوو بە هەرسێ هێرشبەرەكەی یان دوانیان دەدات ئەوانیش میسی و سوارێزن، بەهۆی ئەوەی لە یاریی رابردوودا نیمار یاریی نەكردووە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە لە یارییەكەدا راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە پشت بەهەرسێ هێرشبەر پاكۆ ئەلكاسێر، ئەردا تۆران و رافینیا دەبەستێت لە شوێنێ هەرسێ هێرشبەرە مەترسیدارەكەی.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەكۆكردنەوەی 38 خاڵ لە ریزی سێیەمی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیسپانیا دێت و بە خاڵێك لە دواوەی یانەی سڤیلییە و بە 2 خاڵ لە دواوەی یانەی ریال مەدریدەوەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م