بەرشەلۆنە ئەستێرەیەكی بە 100 ملیۆن یۆرۆ دەفرۆشێ

:: PM:01:01:17/01/2017 ‌

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی ئەردا تۆرانی ئەستێرەی توركی داوە بۆ یانەیەكی خولی تۆپی پێی چین بە بەهای 100 ملیۆن یۆرۆ.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە تۆران دەبێتە ئەستێرەی ماوەی گواستنەوەی ئێستای زستانەی یاریزانان دوای ئەوەی یانەی بەرشەلۆنە رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی داوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكە ئەو یانە چینییەی بەفەرمی دەستەوارەی پێشكەش بە تۆران كردووە برێتییە لە یانەی گوانزهو ئێڤەر گراند.

دەستەوارەكەی یانەی گوانزهو ئێڤەر گراند برێتییە لە پێدانی 50 ملیۆن یۆرۆی كاش بە یانەی بەرشەلۆنە لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە و هەروەها مووچەیەكی ساڵانەش بە 20 ملیۆن یۆرۆ دەدات بە تۆران.

جێی باسە تۆران هاوینی وەرزی رابردوو لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئسپانی بە بەهای 34 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، لە ماوەی دوو وەرزی یاریكردندا نەیتوانی ئاستێكی ناوازە لەگەڵ یانەكە پێشكەش بكات و ببێتە جێگەی سەرنجی لویس ئێنریكی راهێنەر، هەر لەبەر ئەمەشە لە زۆربەی یارییەكاندا بەشێوەی یەدەگ یاریی كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م